د. کەمال مەزهەر، نووسەر و مێژوونووسی کورد کۆچی دواییکرد
رووداو دیجیتاڵ
د. کەمال مەزهەر، نووسەر و مێژوونووسی کورد لە تەمەنی 84 ساڵی لە نەخۆشخانەیەکی ئەڵمانیا کۆچی دواییکرد.
د. هەندرێن جەمال سووران، خوشکەزای د. کەمال مەزهەر هەواڵی کۆچی دواییەکەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو پشتڕاستکردەوە و دەڵێت "بە داخێکی زۆر گرانەوە، بە دڵێکی پڕ ئازارەوە، هەواڵی مەرگی پرۆفیسۆری مەزن، د. کەمال مەزهەر-تان پێ رادەگەیێنین، کە پاش نەخۆشییەکی درێژخایەن ئەمڕۆ [سێشەممە 16-03-2021] لە نەخۆشخانەیەکی شاری (بۆن)ی ئەڵمانیا کۆچی دواییکرد."
خوشکەزای د. کەمال مەزهەر دەشڵێت، لەبەر هەلومەرجی جیهان و کوردستان و بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە "ناكرێ پرسه دابنرێت و سەخته تەرمی پیرۆزی بێنینەوە بۆ کوردستان، نیازوایە بەشێوەیەکی کاتی لە ئەڵمانیا بە خاکی بسپێرین، بەو هیوایەی لە هەلومەرجێکی لەباردا بیهێنینەوە بۆ کوردستان لە زێدی خۆی بە خاکی بسپێرینەوە، لەگەڵ رێوڕەسمی دیکە كه له ئاست گەورەيى ئەو زاتە بێت."
کەمال مەزھەر ئەحمەد، لە ساڵی 1937 لە گوندی ئاغجەلەری سەر بە شاری کەرکووک لەدایکبووە، ساڵی 1959 لە زانکۆی بەغدا کارناسیی بەشی مێژووی وەرگرت و چووە بۆ یەکێتیی سۆڤیەت.
لە ساڵی 1969 لە ئەنستیتۆتی رۆژھەڵاتناسیی ئەکادیمیای زانستەکانی سۆڤیەت دکتۆرای زانستەکانی وەرگرتووە. لە ساڵی 1981 بووەتە مامۆستای مێژوو.
کەمال مەزھەر ئەحمەد لە زانکۆی بەغدا لە ئینیستیتیوتی گەلانی رۆژھەڵاتی نزیک و ناوین لە باکوور، ئینیستیتیوتی باڵای لێکۆڵینەوەکانی نەتەوەیی و سۆسیالیستیی زانکۆی موستەنسەرییە و ھەروەھا ئینیستیتیوتی لێکۆڵینەوەکانی عەرەبی وانەی گوتووەتەوە. ھەروەھا ئەندامی یەکێتیی نووسەرانی کورد و ئینیستیتیوتی کورد بوو لە پاریس.
د. کەمال مەزهەر ئەحمەد
لە ساڵی 1937 لە گوندی ئاغجەلەری پارێزگای کەرکووک لەدایکبووە
قۆناخەکانی خوێندنی لە شاری سلێمانی تەواوکردوون
ساڵی 1959 بەشی مێژووی کۆلیژی ئەدەبیاتی لە زانکۆی بەغداد تەواوکردووە
ساڵی 1959 لەگەڵ ئەو خوێندکارانەدا بووە کە نێردراون بۆ یەکێتیی سۆڤیەت
لە ساڵی 1963 دکتۆرای لە مێژووی هاوچەرخی کورد بەدەستهێناوە
وەک ئەندامی کارای کۆڕی زانیاریی کورد خزمەتێکی زۆری کردووە
چەندین بەرهەمی وەکو کتێب لەسەر مێژووی کورد و جیهان چاپکردوون
هەندێک لە بەرهەمەکانی:
- ئافرەت لە مێژوودا: کورتە باسێکی مێژوویی و کۆمەڵایەتی.
- تێگەیشتنی راستی؛ شوێنی لە رۆژنامەنووسی کوردیدا.
- چینی کرێکارانی عێراق.
- چەند لاپەڕەیەک لە مێژووی گەلی کورد - بەرگی 1
- چەند لاپەڕەیەک لە مێژووی گەلی کورد - بەرگی 2
- خەباتی رزگاریخوازی کورد و ئازەر لە ئێران
- رێنیسانس.
- زاراوەی کارگێڕی، (عەرەبی کوردی).
- كوردستان لەساڵەكانی شەڕی یەكەمی جیهاندا.
- میر.
دەقی راگەیێندراوی بنەماڵەی مێژوونووسی کورد د. کەمال مەزهەر
کوردستانیانی خۆشەویست
بە داخێکی زۆر گرانەوە، بە دڵێکی پڕ ئازارەوە، هەواڵی مەرگی پرۆفیسۆری مەزن، (د. کەمال مەزهەر) تان پێ رادەگەیێنین، کە پاش نەخۆشییەکی درێژخایەن ئەمڕۆ لە نەخۆشخانەیەکی شاری (بۆن)ی ئەڵمانیا گیانی پاکی سپارد و کۆتایی بە ژیانی پڕ سەروەری هێنا. ئەو ژیانەی تەرخانی کردبوو بۆ خزمەتی نەتەوەکەی، ماندوونەناسانە خۆی خستبووە پێناوی مێژووی شاراوەی ئەو کوردستانەی هەمیشە لە ناخەوە وەك مۆم بۆی ئەسووتا.
د. کەمال مەزهەر هەر چەند مەرگ جەستەیی لێ دوورخستینەوە، بەڵام هەمیشە بە نەمری لە ناو دڵ و دەروونی هەموو ئابڕوومەندێکی کورد دا، بە پیرۆزی دەمێنێتەوە، ئەمڕۆ مێژووی کورد مانای کەمال مەزهەر، کەمال مەزهەریش مانای مێژووی کورد، د. کەمال مەزهەر زانایانە و پیشەییانە بە قووڵی رۆچووە ناو مێژووی نەتەوەکەیەوە، سەدەها دۆکیمەنتی گرنگی لەسەر رەفە تۆزلێنیشتووەکانی وڵاتانی ئاسیا و ئەوروپا و زۆر لە وڵاتانی تری هێنایەوە بە خۆری راستی و، زانایانە دیوە شاراوەکانی راست ئەکردەوە و، ئەیکرد بە قەباڵەی حاشاهەڵنەگر بۆ هەموو ئەوانەی مەبەستیانە لە مێژووی کورد بگەن و، ئەوانەشی کە بە پلان دەیانەوێت مێژووی نەتەوەکەمان بشێوێنن. ئەگەر هەر کەسێك دۆست و نا دۆست بیەوێت لە د. کەمال مەزهەر بگات، جگە لە مێژووی ژیانی پڕ سەروەری، ئەوە چەندەها کتێبی بە نرخی دوای خۆی بە جێهێشتووە، کە پڕن لە رەنج و ماندوویی ئەم کەسە خۆ نەویستە.
لێرەدا خانمی بەڕێز (شەهلا تاهر حەیدەری) هاوسەری د. کەمال شیاوی ستایش و بە گەورەزانینێتی، کە چەند ساڵە ماندوونەناسانە لە خزمەتی هاوسەرەکەیدا شەو و رۆژ بێوچان ئاگاداری بووە و، نەیهێشتووە بێخزمەتی پێوە دیار بێت، هەروەها ( نەجات مەزهەر)ی خوشکی د. کەمال کە هەمیشە ئاگاداری بوو و، پێیەکی لە بەریتانیا و پێیەکی لە ئەڵمانیا بووە لە پەرۆشی بۆ برا مەزنەکەی و، تا توانیوێتی بە ئەرکی خۆشکایەتییەکی دڵسۆز هەستاوە. هەروەها سوپاسى هەموو خزم و دۆست.
کوردستانیانی خۆشەویست لەم بۆنە پڕ ئازارەماندا، دەمانەوێت پێتان رابگەیێنین، لە بەر هەلومەرجی جیهان و کوردستان بەهۆی نەخۆشی کۆرۆناوە، ناكرێ پرسه دابنرێت و سەخته تەرمی پیرۆزی بێنینەوە بۆ کوردستانی خۆشەویستی، نیازوایە بەشێوەیەکی کاتی لە ئەڵمانیا بە خاکی پسپێرین، بەو هیوایەی لە هەلومەرجێکی لەباردا بیهێنینەوە بۆ کوردستان لە زێدی خۆی بە خاکی بسپێرینەوە لەگەڵ رێوڕەسمی دیکە كه له ئاست گەورەيى ئەو زاتە بێت. لە هەر پێشهاتێک ئاگادارتان دەکەینەوە.
دوا وتەمان سەرخۆشی لە خۆمان و هەموو دڵسۆزانی د.کەمال مەزهەر و گەلی کورد دەکەین. خوا ناخۆشیتان نەداتی و کوردستان سەربەرز بێت، کە ئاواتی هەمیشەیی د.کەمال مەزهەر بوو.
دکتۆر هەندرێن جه مال سووران
خوشکەزای دکتۆر کەمال_ لە جیاتی بنەماڵە