شارەوانیی سلێمانی: مزگەوتەکەی گوندی ئەڵمانی بە نایاسایی دروستکراوە، بۆیە تێکماندا

رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی رایگەیاند ئەو مزگەوتەی لەگوندی ئەڵمانی تێکیان دا لەبەر ئەوە بووە بە "نایاسایی" لەسەر پڕۆژەیەکی ئاو دروستکراوە، رووخاندنەکەش بە رەزامەندی داواکاریی گشتی و دادوەری لێکۆڵینەوەی زێدەڕۆیی بووە و پێشتریش سکاڵا لەسەر وەبەرهێنەرەکە هەبووە. بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقافی سلێمانی دەڵێت: "ئەو مزگەوتە رەزامەندی بۆ وەرنەگیراوە".
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 16ی ئاداری 2022، سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی روونکردنەوەیەکی  لەبارەی ئەو مزگەوتەی گوندی ئەڵمانییەوە بڵاوکردەوە کە ئەمڕۆ  رووخاندی، لە روونکردنەوەکەدا هاتووە: "ئەو پارچە زەوییەی مزگەوتەکەی لەسەر دروستکراوە ناوچەی قەدەخەکراوە (محرمة)یە، لەبەرئەوەی لەسەر بۆریی ئاو و پڕۆژەیەکی ئاو دروستکراوە، کە بۆ گوندی ئەڵمانی دەڕوات، ھەمان ئەو بڕگەش رێگری لە دروستکردنی بینا دەکات لەسەر ئاوەڕۆ ھەمان بڕگەش رێگری لە دروستکردنی بینا دەکات لەسەر پڕۆژەی ئاو."
 
سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی لە روونکردنەوەکەیدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەوان وەک سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی نیازی تێکدان و رووخاندنی ھیچ بیناو موڵکێکیان نییە چ جا ئەوەی بێتە سەر شوێنێکی پیرۆزی وەک مزگەوت.
 
سەرۆکایەتی شارەوانیی سلێمانی دەشڵێت لایەنی جێبەجێکار رەزامەندی دروستکردنی مزگەوتەکەی وەرنەگرتووە، لەوبارەیەوە روونیدەکاتەوە: "لایەنی جێبەجێکار رەزامەندیی بەڕێوەبەرایەتی ئەوقاف و کاروباری ئیسلامی نەبووە. ئاشکرایە، دروستکردنی مزگەوت کۆمەڵە رێکارێکی یاسایی بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی پێویستە لایەنی جێبەجێکار نەخشەی پەسەندی نەبووە، بۆیە دڵنیاتان دەکەینەوە ئەو لایەنە ھیچ جۆرە مامەڵەیەکی یاسایی بۆ دروستکردنی مزگەوتەکە وەرنەگرتووە."
 
لەوبارەیەوە هاوژین رەئوف حەسەن، بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقاف و کاروباری ئاینی سلێمانی، ئەمڕۆ چوارشەممە بەتۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو مزگەوتە پێشتر لەلایەن شارەوانییەوە تێکدرابوو. پێیانگوتبوون بۆ دروستکردنی پێویستە رەزامەندی بۆ وەربگرن، بەڵام دیارە سەردانی لایەنە پەیوەندیدارەکانیان نەکردووە و جارێکی دیکە دەستیان بەدروستکردنەوەی کردووەتەوە، بۆیە شارەوانی تێکیداوەتەوە".
 
بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقاف و کاروباری ئاینی سلێمانی گوتیشی: "دروستکردنی مزگەوت پێویستی بەوەرگرتنی رەزامەندی هەندێک شوێنە لەوانە شارەوانی و ئەوقاف و پارێزگا، بەڵام ئەو مزگەوتەی گوندی ئەڵمانی هیچ رەزامەندییەکی بۆ وەرنەگیراوە و نەهاتوون بۆ لای ئێمە بۆ وەگرتنی رەزامەندی دروستکردنی".
 
لەکۆتایی روونکردنەوەکەیدا شارەوانیی سلێمانی دەڵێت: "ئەو کارەی کردوومانە بە رەزامەندی داواکاریی گشتی و دادوەری لێکۆڵینەوەی زیادەڕۆیی بووە و پێشتریش سکاڵای وەبەرھێنانی لەسەربووە، لە ھەمانکاتدا، فەرمانی کارگێڕی قایمقامیەتی قەزای ناوەندی سلێمانی بۆ دەرچووە. پێشتریش بەڕێوەبەرایەتی ئەوقاف و کاروباری ئیسلامی بە نوسراوێک لە ساڵی (2021) دا داوای لە سەرۆکایەتی شارەوانیی سلێمانی کردووە بە گرتنەبەری رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو پڕۆژەیە. چەند جارێکیش لە لایەن بەشی زیادەڕۆیی سەرۆکایەتییەوە ئاگادارکراوەتەوە."