تەرمی خێزانە سێ کەسییەکە لە جۆلەمێرگ بە خاک سپێردرا


رووداو دیجیتاڵ

تەرمی ئەو خێزانە سێ کەسیەی دوێنێ یەکشەممە 15-3-2026 لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە پارێزگای وانی باکووری کوردستان گیانیان لەدەستدا، لە شارۆچکەی گەڤەری سەر بە پارێزگای جۆلەمێرگ بە خاک سپێردرا.
 
لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە رێگەی وان - بەدلیس، نەزمی ئادسز و زەهرای هاوژینی و فاتمەی کچە شەش مانگەکەیان گیانیان لەدەستدا. 
 
دوو هاوژینەکە کە ساڵێک زیاتر بوو ژیانی هاوژینییان پێکهێنابوو، لە شوێنی رووداوەکە گیانیان لەدەستدا. کچەکەشیان دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە و سەرەڕای هەوڵی پزیشکەکان، گیانی سپارد.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 16-3-2026 تەرمەکانیان لەلایەن کەسوکاریانەوە لە دادپزیشکیی وان وەرگیرانەوە و لە گوندی یورەکلی لە شارۆچکەی گەڤەر بە خاک سپێردران.
 
بەگوێرەی راپۆرتی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی تورکیا، ساڵی 2025 لە تورکیا و باکووری کوردستاندا 3 هەزار و 481 کەس لە رووداوەکانی هاتوچۆدا گیانیان لەدەستداوە، هەروەها 460 هەزار و 592 کەس بریندار بوون.