لە هەولێر تەرمی سەرۆک بەشێکی زانکۆی سەلاحەدین دۆزرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
تەرمی سەرۆکی بەشی زانستی کۆمپیتەر لە کۆلێژی ئەندازیاریی زانکۆی سەلاحەدین بە سووتاوی لە ماڵی دایکیدا لە شاری هەولێر دۆزرایەوە. کەسوکارەکەی گومان دەکەن سووتێندرابێت و ئۆتۆمبێلەکەشی دزراوە.
رووداوەکە رۆژی دووشەممە، 16ـی ئاداری 2026 روویداوە.
دڵنیا رەحمان، پەیامنێری رووداو لە هەولێر رایگەیاند، تەرمی د.دلێر ساڵح حەسەن، بە سووتاوی لە ماڵی دایکی لە گەڕەکی ئاری - شۆڕش دۆزراوەتەوە.
بەرگریی شارستانیی پارێزگای هەولێر رایگەیاند: "کاژێر 12:20خولەکی نیوەڕۆ لەلایەن هاووڵاتیان ئاگادارکراینەوە بە سووتانی ماڵێک لە گەڕەکی ئاری. تیمەکانی بەرگریی شارستانیی پارێزگای هەولێر لەگەل بەشی رزگارکردن توانیان بەزووترین کات بگەنە شوێنی رووداوەکە و ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن"
بەگوتەی بەرگریی شارستانی، لەدوای گەیشتنی تیمەکەیان تەرمی کەسەکە لەلایەن تیمەکانیانەوە دەرهێنراوە و پاشان رەوانەی پزیشکی دادی کرا: "لەئیستادا تیمەکانمان خەریکی لێکۆڵینەوەی رووداوەکەن"
بەپێی ئەو زانیارییانەی پەیامنێری رووداو لە کەسوکارییەوە وەریگرتووە، د. دلێر تەمەنی 55 ساڵە و باوکی دوو کچە. لە گەڕەکی مامۆستایان دەژیا، بەڵام ئەمڕۆ چووبووە ماڵی دایکی.
پەیامنێری رووداو دەڵێت، کەسوکارەکەی گومان دەکەن ئەو مامۆستایەی زانکۆ لەلایەن کەسێکەوە سووتێندرابێت، بەتایبەتی کە ئۆتۆمبێلەکەی لە شوێنی رووداوەکە نەماوە و دزراوە.
پەیامنێری رووداو دەڵێ، شایەتحاڵان باس لەوەدەکەن، هاووڵاتییەکی عەرەبیان بینیوە لە 20 ـەکانی تەمەنیدا بووە و لە ماڵی د.دلێر هاتووەتە دەرەوە و ئوتومبێلێکەی بردووە.