ناوی نزیکەی 38 هەزار مامۆستای وانەبێژ رەوانەی بەغدا دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
ناوی نزیکەی 38 هەزار مامۆستای وانەبێژی هەرێمی کوردستان رەوانەی بەغدا دەکرێت و ئامانجەکەش ئەوەیە بکرێنە گرێبەست.
عەلی رەئووف، یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ ئەمڕۆ سێشەممە، 16-4-2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە ئەنجامی بەدواداچوونەکانی، بۆی دەرکەوتووە کە ئەمڕۆ وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان ناوی زیاتر لە 37 هەزار و 700 وانەبێژی رەوانەی بەغدا کردووە.
عەلی رەئووف گوتی، ئامانج لە ناردنی ئەو ناوانە ئەوەیە کە ئەو وانەبێژانە بکرێنە گرێبەست.
نوێنەرەکەی مامۆستایانی وانەبێژ گوتی، نزیکەی 15 هەزار لەو مامۆستایانە خەڵکی پارێزگای دهۆک، نزیکەی 12 هەزاریان خەڵکی هەولێر و نزیکەی 11 هەزارەکەی دیکەشیان خەڵکی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجەن.
رۆژی شەممە، 13-4-2024، ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بە رووداوی گوت، "دامەزراندن بە گرێبەست قۆناخی یەکەمە و قۆناخی دیکەی بەدوادا دێت."
9ـی ئەم مانگە، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردە رایگەیاند، بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دوای جەژنی رەمەزان، وەزارەتەکەیان ئامادەکاری دەکات "لیستی مووچەی مامۆستایانی وانەبێژی دانەمەزراو لەسەر بنەمای بەگرێبەستبوونی (کۆی وانەبێژان) لە رێگەی حکومەتی هەرێمەوە ئاراستەی حکومەتی عێراقی فیدراڵ بکرێت."
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی دارایی و ئابووری، بڕی بودجەی پێویست بۆ شایستە داراییەکانی مامۆستایانی وانەبێژ نزیکەی 13 ملیار و 700 ملیۆن دینارە.