نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی جەژنی سەری ساڵ لە کوردانی ئێزدی دەکات
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان "بە گەرمی" پیرۆزبایی جەژنی سەری ساڵ لە کوردانی ئێزدی دەکات و دەڵێت، لە هەوڵەکانیان بەردەوام دەبن بۆ رزگارکردنی رفێندراوانی کوردانی ئێزدی.
ئەمڕۆ سێشەممە، 16ـی نیسانی 2024، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بەبۆنەی سەری ساڵی کوردانی ئێزدی بڵاوکردەوە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی جەژنی سەری ساڵ لە کوردانی ئێزدی لە جیهان، عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت، "هیوادارم جەژنێکی خۆش و ئارامتان هەبێت و ساڵێکی پڕ لە خۆشی و سەرکەوتن بۆ هەموویان دەخوازم."
ساڵانە لە پەرستگەی لالش رێوڕەسمی جەژنی سەری ساڵی کوردانی ئێزدی زیندوو دەکرێتەوە و هەزاران کەس لە کوردانی ئێزدی ئامادەی رێوڕەسمەکان دەبن و چالاکیی جۆراوجۆر دەکەن.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەم بۆنەیەوە پشتیوانیی خۆی، دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان و نووسینگەی رفێندراوانی کوردانی ئێزدی بۆ داوا رەواکانیان دووپات دەکاتەوە و دەڵێت، تاوەکو کۆتایی لە هەوڵەکانیان بەردەوام دەبن بۆ رزگارکردنی رفێندراوانی کوردانی ئێزدی.