دوای گەڕانەوەی سوودانی پۆستی پارێزگاری کەرکووک یەکلایی دەبێتەوە


رووداو دیجیتاڵ 

پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکووک لە دوای گەڕانەوەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ئەمریکا یەکلایی دەکرێتەوە. عەرەب پێشنیاز دەکەن تورکمان لەجیاتی پارێزگار دوو پۆستی دیکە وەربگرن.
 
قەحتان وەنداوی، بەرپرسی لقی کەرکووکی بەرەی تورکمانی عێراق بە رووداوی راگەیاند: "پێشنیازەکە ئەوەیە پارێزگاری کەرکووک دوو ساڵ بە دوو ساڵ لە نێوان کورد و عەرەب بێت. تورکمان جێگرانی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەن وەربگرێت."
 
کورد لە کەرکووک پێشنیازی دوو ساڵ بە دوو ساڵ رەتدەکاتەوە. محەممەد کەمال، بەرپرسی لقی پارتی لە کەرکووک بە رووداوی گوت: "ئەوە هەرگیز لە بەرژەوەندیی کورد نییە. لەگەڵ ئەوەداین پارێزگارێکی کوردی بێلایەن دابنرێت کە هەموو نەتەوەکان پەسندی بکەن."
 
یەکێتی دەیەوێ کورد پۆستی پارێزگار وەربگرێ، لەنێو کوردیش بۆ خۆی بێت. ئەحمەد کەرکووکی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە فراکسیۆنی یەکێتی بە رووداوی راگەیاند: "بەپێی بەرکەوتەی هەڵبژاردن، پۆستەکە بۆ ئێمەیە."
 
رێککەوتن لەسەر پۆستەکان پێویستی بە کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی کەرکووکە. پەروین فاتیح، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێت: "کاتی کۆبوونەوەکە دیاری نەکراوە."
 
دوای رێکنەکەوتنی لایەنەکان، هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی کەرکووک بە سەرۆکایەتیی سەرۆکوەزیرانی عێراق پێکهێنرا. هاوپەیمانێتییەکە دووجار کۆبووەتەوە و چاوەڕێ دەکرێت کۆتایی ئەم مانگە کۆبوونەوەی سێیەم بکات. پەروین فاتیح دەڵێ: "رێککەوتن لەسەر پۆستەکان دەکەوێتە دوای گەڕانەوەی سوودانی."
 
ئەنجوومەنى پارێزگای کەرکووک 16 کورسییە، بەسەر دوو بەرەدا دابەشبووە. تورکمان و عەرەب بە هەشت کورسی بەرەیەکن، بەرەیەکیش کوردە و بە پاڵپشتیی کریستیان دەیەوێ دوای حەوت ساڵ پۆستی پارێزگار وەربگرێتەوە.
 
ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگا لە نەتەوەی عەرەب، نێوەڕۆکی پێشنیازەکە بۆ رووداو ئاشکرا دەکات، "پێشنیاز کراوە پارێزگار دوو ساڵ بە دوو ساڵ بۆ عەرەب و یەکێتی بێت." بە گوتەی رەعد ساڵح "دەکرێ پارتی و تورکمانیش جێگری پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەن بەشێوەی خولی وەربگرن."
 
راکان جبووری، پارێزگاری کەرکووک بەوەکالەت بانگهێشتی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای کردبوو رۆژی 5ـی شوباتی 2024 بۆ یەکەمجار کۆببنەوە، بەڵام تورکمان و عەرەب ئامادە نەبوون.
 
دواى 18 ساڵ، رۆژی 18ـی کانوونى یەکەمى 2023، هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک کرا. 
 
پڕۆژەی لایەنەکان بۆ پێکهێنانی ئیدارەی خۆجێیی کەرکووک:
 
کورد (حەوت کورسی)
یەکێتی (پێنج کورسی)
 
- پارێزگار بۆ کورد بێت و یەکێتی بێت
- سەرۆکی ئەنجوومەن بۆ عەرەب
- جێگری یەکەمی پارێزگار بۆ تورکمان
 
پارتی (دوو کورسی)
 
- پارێزگار بۆ کوردێکی بێلایەن
- پێشنیازی دوو ساڵ بە دوو ساڵ رەتدەکاتەوە
- سەرۆکی ئەنجوومەن بۆ عەرەب
- جێگری یەکەمی پارێزگار بۆ تورکمان
 
کریستیان (یەک کورسی)
 
- پارێزگار بۆ یەکێتی بێت
- جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا
 
عەرەب (شەش کورسی)
 
- پارێزگار دوو ساڵی یەکەم  بۆ عەرەب
- پارێزگار دوو ساڵی دووەم بۆ یەکێتی
- سەرۆکی ئەنجوومەن دوو ساڵی یەکەم بۆ پارتی
- سەرۆکی ئەنجوومەن دوو ساڵی دووەم بۆ تورکمان
 
تورکمان (دوو کورسی)
 
- پۆستە باڵاکان بەشێوەی خوولی بێت
- پارێزگار هەر 16 مانگ بۆ نەتەوەیەک بێت
- پۆستەکانی کەرکووک 32 بە 32 بۆ نەتەوەکان

 

ئامادەکردنی: هاوار عەبدولڕەزاق، چیا مەلاک، ئەحمەد حەمید