هەناردەی دانەوێڵە لە باکووری کوردستان کەمیکردووە
رووداو دیجیتاڵ
لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا لە پارێزگاکانی باکووری کوردستانەوە بە بەهای 871 ملیۆن و 282 هەزار دۆلار دانەوێڵە هەناردە کراوە. لە کاتێکدا پار لە هەمان وادەدا بایی 913 ملیۆن و 262 هەزار دۆلار دانەوێڵە هەناردە کرابوو.
بەگوێرەی داتاکانی یەکێتی هەناردەکارانی بەرهەمە دانەوێڵەییەکانی باشووری رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ، ئەندامانی یەکێتییەکە لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی 2026ـدا ملیۆنێک و 79 هەزار و 887 تۆنیان هەناردەی 164 وڵات و "ناوچە ئازادەکان" کردووە.
هەناردەی دانەوێڵە لە شارەکانی باکووری کوردستانەوە لە سێ مانگی ساڵی 2026دا بەراورد بە هەمان وادەی ساڵی 2025 بە رێژەی نزیکەی 5٪ کەمیکردووە و لەم هەناردەیەدا 871 ملیۆن و 282 هەزار دۆلار داهات بەدەستهاتووە.
زۆرینەی هەناردەی دانەوێڵەی یەکێتی هەناردەکارانی بەرهەمە دانەوێڵەییەکانی باشووری رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ بۆ هەرێمی کوردستان و عێراقە، بەڵام بەهۆی شەڕەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە، هەناردەکردن بۆ وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست 20.8٪ دابەزیوە.
بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق بە بەهای 192 ملیۆن و 774 هەزار دۆلار هەناردە کراوە.
لە باکووری کوردستانەوە زۆرترین رۆنی گوڵەبەڕۆژە هەناردە کراوە.
ناوەندی یەکێتی هەناردەکارانی بەرهەمە دانەوێڵەییەکانی باشووری رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ لە شاری دیلۆکە و لە بازرگانانی پارێزگاکانی دیلۆک، روها، مەڕەش، سەمسوور، مێردین، ئامەد، مەڵەتی و کیلیس ـی باکووری کوردستان پێکهاتوون.