نەخۆشخانەی بەخشین لەبارەی کەیسی غەزال مەولان: رێنوێنیی پۆلیسمان جێبەجێکردووە

رووداو دیجیتاڵ

نەخۆشخانەی بەخشین لە سلێمانی لەبارەی کەیسی غەزال مەولان روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، بەگوێرەی رێنوێنییەکانی حکومەت مامەڵەیان لەگەڵ کەیسەکە کردووە، دوای رێکارەکان ئامادەییمان بۆ چارەسەر پێشاندا، بەڵام بریندارەکەیان نەهێنایەوە نەخۆشخانەکە. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 16ـی نیسانی 2026، نەخۆشخانەی بەخشین رایگەیاند، هەر حاڵەتێکی برینداری کە رەهەندی ئەمنی و یاسایی هەبێت (Police Case)، پێویستە راپۆرتی پۆلیسی هەبێت ئینجا لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان وەربگیرێت و چارەسەری بۆ بکرێت.
 
غەزال مەولان، کچە پێشمەرگەیەکی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بوو لە کامپی سوورداش، لە هێرشەکەی ئێوارەی سێشەممە بەهۆی هێرشێکی درۆنییەوە شەهید بوو. 
 
بەگوێرەی روونکردنەوەی نەخۆشخانەکە هۆکاری وەرنەگرتنی بریندارەکە تەکنیکی بووە و پێویست بووە راپۆرتی پۆلیس هەبێ، کاتێک نەبووە، نەیانتوانیوە بریندارەکە چارەسەر بکەن.
 
بەخشین دەڵێت، چاوەڕوانی رێکاری کارگێڕییان نەکردووە، بەڵکو لەڕێگەی تەلەفۆنەوە هاوئاهەنگییان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە تاوەکو مۆڵەت بۆ وەرگرتنی چارەسەری نەخۆشەکە وەربگرن.
 
پێش وەگرتنی مۆڵەتەکە، بریندارەکە نەخۆشخانەکەی جێهێشتووە، بەخشین باس لەوە دەکات کە پەیوەندییان پێوە کردوونەتەوە کە دەتوانن بریندارەکە بهێنن و چارەسەری بۆ بکەن، "بەڵام ئەوان نەگەڕاونەتەوە."
 
چیرۆکی شەهیدبوونی پێشمەرگەکە: 
 
غەزال مەولان، ئەو کچە پێشمەرگەیەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە رۆژی سێشەممە، 14ـی نیسانی 2026، بەهۆی هێرشێکی درۆنیی ئێرانەوە لە کامپی سوورداش شەهید بوو.
 
غەزال بە برینداری گەیێندراوەتە سلێمانی، بەگوێرەی گوتەبێژی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان بردوویانەتە چەند نەخۆشخانەیەک لە سلێمانی، بەڵام ئامادە نەبوون وەریبگرن. 
 
دەنگۆی وەرنەگرتنی کەیسی غەزال کاردانەوەی فراوانی لەنێو خەڵک دروست کرد. تۆمەت ئاراستەی نەخۆشخانەی بەخشین کرا کە کەیسەکەی وەرنەگرتووە، "بووەتە هۆکاری تێکچوونی باری تەندروستیی غەزال."