سەرۆک بارزانی: لەگەڵ ئەوەدا نین یاریی بە ئیرادەی دەنگدەرانی کەرکووک بکرێت

رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆک بارزانی رایگەیاند، "بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ ئەوەدا نین كە لەڕێگەی درێژەپێدان بە سەفەقاتی گوماناویی فندەق رەشید یاریی بە ئیرادەی دەنگدەرانی كەركووك و چارەنووسی كەركووكییەكان بكرێت".
 
سەرۆک بارزانی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ ماكسیم رۆبین، كۆنسووڵی گشتیی رووسیا لە هەولێر ئەو قسانەی کردووە.
 
بەپێی راگەیێندراوی بارەگای بارزانی، لە دیدارەكەدا كۆنسووڵی گشتیی رووسیا "وێڕای جەختكردنەوە لە پەیوەندی قووڵ و ستراتیژ و درێژخایەنی نێوان وڵاتەكەی و هەرێمی كوردستان، پێزانینی بۆ هەڵوێستی هاوسەنگی هەرێمی كوردستان و پاراستنی سەقامگیری هەبوو و راشیگەیاند رووسیا بایەخێكی زۆر بە پێگە و كاریگەریی سەرۆك بارزانی دەدات و هیوای خواست پەیوەندییەكانی نێوان رووسیا و هەرێمی كوردستان گەشەی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت. هەروەها روانگەی وڵاتەكەی لەبارەی گۆڕانكاریی و رووداوەكانی ناوچەكە خستەڕوو و ئاماژەی بەوەدا كە رووسیا خوازیارە بۆچوونی سەرۆك بارزانی لەبارەی رووداو و پێشهاتەكانی ناوچەكە بزانێت".
 
ئاماژە بەوە کراوە، لای خۆیەوە سەرۆک بارزانیش جەختی لە قووڵكردنەوەی پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و رووسیا كردەوە. هەروەها ئاماژەی بە دوایین پێشهات و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە دا و رایگەیاند كە "هەرێمی كوردستان هیچ كات لەگەڵ بوونی شەڕ و گرژیدا نەبووە و پێیوایە هیچ كێشەیەك لەڕێگەی شەڕ و ململانێیی سەربازی چارەسەر نابێت و دەبێ گرفتەكان لەڕێگەی دانوستاندن و دیپلۆماسیەوە چارەسەر بكرێن. هەورەها هەرێمی كوردستان هیچ كات بەشێك نەبووە و بەشێك نابێت لەو شەڕ و تێكهەڵچوونانەی لە ناوچەكەدا هەیە و پشتیوانی لە هیچ جموجۆڵی سەربازی و شەڕێك لە ناوچەكەدا نەكردووە. بەڵام بەداخەوە سەرباری ئەو هەڵوێستە روون و ئاشكرایەش زوڵمێكی زۆر لە هەرێم كراوە و بەهۆی پەلاماری بەرفراوانی مووشەكی و درۆنییەوە ژمارەیەك هاووڵاتیی هەرێم شەهید و بریندار بوون".
 
لەبارەی کەرکووکەوە، سەرۆک بارزانی رایگەیاندووە، "ئێمە پێمانوایە كەركووك دەبێ ببێتە شارێك كە نموونەی پێكەوەژیان و برایەتیی پێكهاتەكان بێت و پارتی هەمیشە لەگەڵ مافی هەموو پێكهاتەكان بووە و زۆرجار لەپێناو پێكهاتەكان و خەڵكی تر لە مافی خۆی خۆش بووە و قوربانی بە دەستكەوتەكانی داوە. سەرۆك بارزانی ئەوەشی دووپات كردەوە كە بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ ئەوەدا نین كە لەڕێگەی درێژەپێدان بە سەفەقاتی گوماناویی فندەق رەشید یاری بە ئیرادەی دەنگدەرانی كەركووك و چارەنووسی كەركووكییەكان بكرێت".
 
10ی تشرینی یەکەمی 2024، بەبێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و بەشێکی عەرەبی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکدا لە هۆتێل رەشید لە بەغدا، پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران.
 
بڕیارە لەم رۆژانەدا یەکێتی پۆستی پاریزگاری کەرکووک بداتە بەرەی تورکمانی.