گوتەبێژى پارتی: دژى ئەو سەفەقاتانە بووین کە بەسەر کەرکووک دا سەپێندران

رووداو دیجیتاڵ
 
گوتەبێژى پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، ئەوان هەر لە سەرەتاوە دژی رێککەوتنی هۆتێل رەشید بوون کە دیاریکردنی پارێزگاری کەرکووک و پۆستەکانی دیکەی لێکەوتەوە. دەشڵێت، "ئەم بارودۆخەى ئێستا لێکەوتە و درێژەپێدەرى ئەو سەفەقاتانەیە".
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16-4-2026، مەحموود محەممەد، گوتەبێژى پارتی دیموکراتی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "سەبارەت بەو بارودۆخەى بۆ کەرکووک هاتووەتەپێش، ئێمە لە پارتى دیموکراتى کوردستان وەکو هەمیشە پاڵپشتى لە مافى پێکهاتەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان دەکەین و بەو پەڕى راشکاوییەوە رایدەگەیێنین کە سەقامگیرى و پێشکەوتنى وڵاتەکەمان بەندە بە دابینکردنى مافە رەواکانى تەواوى پێکهاتە نەتەوەیى و ئایینى و ئاینزاکان و بڕواشمان وایە کەرکوک مەڵبەندى پێکەوەژیانى تەواوى پێکهاتەکانیەتى".
 
ئاماژە بەوەش دەدات، هەڵوێستى پارتیمان روون و ئاشکرایە و دژى ئەو سەفەقاتانە بووین کەبەدەر لە نیازپاکى لە هۆتێل رەشید بەبێ بەشدارى لایەنە سیاسییەکانى کە نوێنەرایەتى خەڵکى خۆڕاگرى کەرکووکیان دەکرد، بەسەر ئەو شارە خۆشەویستەدا سەپێندران. ئەم بارودۆخەى ئێستاش لێکەوتە و درێژەپێدەرى ئەو سەفەقاتانەیە!".
 
گوتەبێژی پارتی باس لەوەش دەکات، "ئێمە لە پارتى دیموکراتى کوردستان قوربانى زۆرمان لەپێناو کەرکووک وەکو نیشتمان و خەڵکە ئازیزەکەى داوە و هەموو هەڵوێست و هەوڵەکانمان بۆ سەربەرزى و بەختەوەرییان بووە، بۆیە لەگەڵ ئەو بڕیار و راسپاردانە دا دەبین کە بە هاوبەشى هەموو لایەنە سیاسییەکان و نوێنەرانى پێکهاتەکانەوە بدرێن."
 
هەر ئەمڕۆش، سەرۆک بارزانی رایگەیاند، "بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ ئەوەدا نین كە لەڕێگەی درێژەپێدان بە سەفەقاتی گوماناویی فندەق رەشید یاریی بە ئیرادەی دەنگدەرانی كەركووك و چارەنووسی كەركووكییەكان بكرێت".
 
10ی تشرینی یەکەمی 2024، بەبێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و بەشێکی عەرەبی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکدا لە هۆتێل رەشید لە بەغدا، پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران.
 
بڕیارە لەم رۆژانەدا یەکێتی پۆستی پاریزگاری کەرکووک بداتە بەرەی تورکمانی.