پۆلیسی راپەڕین: سلێمان هەڵشۆیی لە زیندان راینەکردووە


رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین لە راگەیێندراوێکدا ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە سلێمان هەڵشۆیی لە زیندان رایکردبێت و دەڵێت، "ئەو هەواڵانە دوورن لە راستییەوە."
 
سلێمان هەڵشۆیی، کە وەک بازرگان لە دەڤەری بیتوێن و پشدەر خۆی ناساندبوو و رۆژی 20-12-2020  "مایەپووچبوونی خۆی راگەیاند" و دواتر لەلایەن هێزێکی ئاسایشەوە بۆ پاراستنی گیانی لە ماڵەکەی برایە دەرەوە و ئێستا بە بڕیاری دادوەر لە بەشی گرتن و گواستنەوەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین دەستبەسەرە. 
 
پۆلیسی راپەڕین لە راگەیێندراوەکەیدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە، "سلێمان هەڵشۆیی بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 456 لە یاسایی سزادانی عێراقی راگیراوە و ئێستاش لە گرتن و گواستنەوەی راپەڕینە". لەبارەی تەندروستیشی دەڵێت، "تەندروستی زۆر باشە و لێکۆڵینەوەش لەگەڵیدا بەردەوامە."
 
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین دەشڵێت، لەلایەن بەشی یاسایی بەڕێوەبەرایەتییەکە سکاڵای یاسایی تۆمار دەکەن لە دژی خاوەنی ئەو پەیج و ئەکاونتانەی کە دەنگۆ و هەواڵی ناڕاست بڵاودەکەنەوە "بەتایبەت بۆ مەرامی تایبەتی خۆیان، چونکە بڵاوکردنەوەی ئەو جۆرە هەواڵە نادروستانە کاریگەریی نەرێنی دەبێت لەسەر بارودۆخی دەروونیی هاووڵاتیان، بەتایبەت ئەو کەسانەی کە مامەڵەیان لەگەڵ سلێمان هەڵشۆیی کردووە و سکاڵایان تۆمار کردووە." 
 
کۆتاییەکانی مانگی نیسان، شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەسەر دۆسیەی سلێمان هەڵشۆیی تاوەکو ئێستا "900 کەس وتەیان لێوەرگیراوە" کە بەگوتەی خۆیان سلێمان هەڵشۆیی پارەی ئەوانی خواردووە. دەشڵێت "ژمارەی ئەو کەسانەی کە ناوی خۆیان بۆ تۆماکردنی سکاڵا دژی سلێمان هەڵشۆیی نووسیوە گەیشتووەتە هەزار و 300 کەس."
 
پۆلیسی راپەڕین داوایشی لە هاووڵاتیان کردووە، هەواڵەکان تەنیا لە بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین وەربگرن. تەنیا ئەو هەواڵانەش "فەرمین."
 
داوا لە هاوڵاتیانی خۆشەویست دەکەین کە بڕوا بەو جۆرە هەواڵانە نەکەن، تەنها ئەوەی لە بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەندیەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین بڵاو بکرێتەوە فەرمیە.
 
سلێمان ئیسماعیل سلێمان ناسراو بە "سلێمان هەڵشۆیی"، بەشێوازی قیست ئۆتۆمبێل، دەمانچە، ئاژەڵ و کەلوپەلی دیکەی وەرگرتووە و پێی گوتوون، دوای چەند مانگێک پارەیەکی زیاتریان دەداتێ.
 
کاتێک بەهای ئۆتۆمبێلی کەسێک 10 هەزار دۆلار بووە، سلێمان بە 15 هەزار دۆلار وەری گرتووە، بەڵام بەو مەرجەی لە ماوەیەکی دیاریکراودا بۆ نموونە؛ چوار مانگ پارەکەیان پێبدات.