پلاسخارت: هەڵبژاردنی کوردستان لە چوار مانگی داهاتوودا بە بەشداریی کۆتاکان بکرێت

رووداو دیجیتاڵ 


نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق داوا دەکات، لە ماوەی کەمتر لە چوار مانگی داهاتوودا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت و کۆتاکانیش بەشدار بن.
 
رۆژی پێنجشەممە، 16ـی ئایاری 2024، جێنین هێنیس پلاسخارت، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق لە ئەنجوومەنی ئاسایش راپۆرتێکی لەبارەی دۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق پێشكێش کرد. 
 
پلاسخارت لەبارەی هەرێمی کوردستانەوە گوتی: "هیوامان وایە لە کاتێکی نزیکدا وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریبکرێت بە جۆرێک لە ئێستاوە زیاتر لە چوار مانگ نەخایەنێت و کۆتای پێکهاتەکانیش بەشدار بن. هەڵبژاردنی گشتگیر، شەفاف و متمانەپێکراوی هەرێمی و توانادار لە فەراهەمکردنی دڵنیایی سیاسی، زۆر پێویستن."
 
پلاسخارت هۆشدارییدا لەوەی کە ئەگەر ئەم چەقبەستووییەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان بەردەوامبێت، "ئەوا داهاتووی هەرێمەکە لە ناڕوونیدا بە هەڵپەسێردراوی دەمێنێتەوە." 
 
بەپێی ئەو وادەیەی دیاریکراوە، بڕیارە رۆژی 10ـی حوزەیرانی ئەمساڵ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکرێت. پارتی و پێکهاتەکانی تورکمان و کریستیان (جگە لە بەرەی تورکمانی) بڕیاریان داوە بەشداریی هەڵبژاردن نەکەن.
 
رۆژی 22ـى شوباتی 2024، دادگەى باڵاى فیدراڵى 11 کورسیی کۆتای پێکهاتەکان (تورکمان، کریستیان و ئەرمەن)ـی لە پەرلەمانى کوردستان هەڵوەشاندەوە.
 
بەپێی بڕیاری دادگەی فیدراڵی، پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە 100 کورسی پێکدێت، بەسەر ئەم بازنانە دابەشکراوە:
 
1- پارێزگای هەولێر: 34 کورسی
2- پارێزگای سلێمانی: 38 کورسی
3- پارێزگای دهۆک: 25 کورسی
4-پارێزگای هەڵەبجە: 3 کورسی
 
دەقی گوتەکانی پلاسخارت لەبارەی هەرێمی کوردستان: 
 
"سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، لە دوای دوایین راپۆرتمەوە، دیمەنی سیاسیی هەرێمەکە جەمسەردارتر بووە. وەک ئاگادارن، دوای چەند جارێک لە دواخستن، بڕیاربوو هەڵبژاردنە هەرێمییە لەمێژە چاوەڕوانکراوەکە 10ی حوزەیران بکرێت، بەڵام 18ی ئادار، یەکێک لە پارتە فەرمانڕەواکان رایگەیاند بڕیاریداوە لەم هەڵبژاردنەدا بەشدار نەبێت. ناچمە نێو وردەکارییەکان کە دواتر چی روویدا، بەڵام ئەوەی شایەنی ئاماژە پێدانە ئەوەیە کە هەڵبژاردنی گشتگیر، شەفاف و متمانەپێکراوی هەرێمی و توانادار لە فەراهەمکردنی دڵنیایی سیاسی، زۆر پێویستن. گرەوەکە گەورەیە، بە تایبەتیش ئەوەی کە پەیوەندیی بە شەرعیەتی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستانەوە هەیە. ئەگەر ئەم چەقبەستووییەی ئێستا بەردەوامبێت، ئەوا داهاتووی هەرێمەکە لە ناڕوونیدا بە هەڵپەسێردراوی دەمێنێتەوە. دوای گفتوگۆی چڕی چەند هەفتەی رابردوو، کە ئامانج لێیان دۆزینەوەی رێگەیەکی خێرا و یەکلاکەرەوە بوو بۆ دەرەوەی ئەم چەقبەستووییە، ئێستا هیوامان وایە لە ماوەیەکی نزیکدا رۆژێک بۆ هەڵبژاردن دیاریبکرێت. ئومێد دەکرێت، یاخود باشترە بڵێم چاوەڕواندەکرێت دەنگدانەکە بە کەمترین دواخستنەوە، ئەنجامدەدرێت، بە جۆرێک کە زیاتر لە چوار مانگی دیکە دوا نەکەوێت و بە کۆتای پێکهاتەکانیشەوە بکرێت."