لێپرسراوی پڕۆژەی دارستانی ئەزمڕ: بە بەتانی تەڕ ئاگر دەکوژێنینەوە

رووداو دیجیتاڵ

لێپرسراوی پڕۆژەی دارستانی ئەزمڕ دەڵێ، هەڵمەتێکیان بۆ دروستکردنی ئاگربڕ لە گۆیژە و ئەزمڕ دەستپێکردووە، بەڵام ئامێری پێویستیان بۆ دروستکردنی ئاگربڕ نییە و ئەگەریش ئاگر بکەوێتەوە، کارمەند و ئامێری پێویستیان بۆ کوژاندنەوەی نییە، هەربۆیە ئەو کارمەندانەی هەیانن بە ناچاری بە بەتانیی تەڕ ئاگر دەکوژێننەوە.
 
رزگار ساڵح، لێپرسراوی پڕۆژەی دارستانی ئەزمڕ، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند :"ئێمە دوو ئامێری بلدۆزەرمان هەیە. بۆ دروستکردنی ئاگربڕ لە سنووری سلێمانی، ئەو شوێنانەی گونجاو بن، بە دەرمانڕشتن ئاگربڕیان بۆ دروست دەکرێ و ناوچەکانی دیکەش بە بلدۆزەر ئاگربڕیان بۆ دروست دەکەین. لە رۆژی 10ـی ئایارەوە پرۆسەکە دەستیپێکردووە و تاوەکو 25ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت".
 
لێپرسراوی پڕۆژەی دارستانی ئەزمڕ باسی لەوە کرد، لە سنووری ئەزمڕ و گۆیژە نزیکەی 120 دۆنم زەوی ئاگربڕ دەکرێ؛ ئاماژەی بەوەشکرد، ساڵی رابردوو بەهۆی کەمی بارانبارین و وشکەساڵییەوە ئاگرکەوتنەوە لە ئەزمڕ و گۆیژە نەبوو، بەڵام ئەم ساڵ بارانی زۆر باری و ئەگەر ئەم ساڵ ئاگر بکەوێتەوە، زیانێکی زۆر بە دارستان و پاوانی سنوورەکە دەکەوێ.
 
لە ساڵانی 2019 و 2022 دوو ئاگرکەوتنەوەی گەورە لە گۆیژە و ئەزمڕ روویاندا و سەتان دۆنم زەوی سووتان. لەبارەی شێوازی کۆنترۆڵکردنی هەر ئاگرێک کە بکەوێتەوە، رزگار ساڵح دەڵێت "کارمەندەکانمان بەشێوازێکی سەرەتایی ئاگر دەکوژێننەوە. ئەگەر ئاگر بکەوێتەوە، کارمەندەکانمان بەتانی تەڕ دەکەن و هەوڵی کوژدانەوەی ئاگرەکە دەدەن، چونکە تەنیا یەک ئامێری (فلاوەری ئاگر کوژێنەوەمان) هەیە. ئەگەر لە شوێنێکی دوورە دەست ئاگر بکەوێتەوە، تاوەکو ئامێرەکە دەگوازینەوە و دەگەینە شوێنی رووداوەکە، بەشێکی زۆری پووش و دارستانەکە دەسووتێ، جگە لەوەش هیچ جلوبەرگێکی تایبەت بە ئاگرکوژاندنەوەمان نییە".
 
"داوای دامەزرانی کرێکار دەکەین"
 
بەگوتەی لێپرسراوی پڕۆژەی دارستانی ئەزمڕ، تەنیا کارمەندیان هەیە و هیچ کرێکارێکیان نییە. رزگار ساڵح دەڵێت: "ئەگەر ئاگر بکەوێتەوە، دەبێت لایەنە پەیوەندیدارەکان وەک بەرگریی شارستانی ئاگادار بکەینەوە بێن بە هانامانەوە، ئەوانیش کاتێکی زۆریان پێدەچێت بگەنە سەر چیاکە. لەو ماوەیەشدا ئاگرەکە تەشەنە دەکات، بەڵام ئەگەر کرێکار و کارمەندمان هەبێت و لێرەبن، زوو دەتوانین ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەین".
 
رزگار ساڵح ئاماژە بەوە دەکات: "ئێمە ساڵانە لە مانگی پێنجەوە داوای دامەزراندنی کرێکار دەکەین. ساڵی رابردوو هیچ کرێکارێکمان بۆ دانەمەزرا. بەهۆی ئەوەی ئاگر نەکەوتەوە و وشکەساڵی بوو، پووش و پاوان کەم بوو و توانیمان ساڵەکە تێپەڕێنین، بەڵام ئەم ساڵ پووش و پاوانێکی زۆر هەیە، بۆیە مەترسی هەیە ئاگرکەوتنەوە زیانی زیاتری هەبێت، بۆیە داوا لە حکومەت دەکەین بەزوویی کرێکارمان بە گرێبەست بۆ دابمەزرێنێت.
 
شووشە و پاشماوەکان بوونەتە هۆی پیسکردنی ئەزمڕ و گۆیژە
 
جگە لە ئاگر، پیسبوونی ژینگەش زیانی زۆر بە ناوچەکە دەگەیێنێت. رزگار ساڵح دەڵێ: "بەشێکی گەشتیاران، کە سەردانی ئەزمڕ و گۆیژە دەکەن، شووشە فڕێ دەدەن و ژینگەی ناوچەکە پیس دەکەن.جگە لەوەش ئاگر دەکەنەوە و پاشماوەی ئاگرەکەیان مەترسی دروست دەکات. هەموو رۆژێکیش تیمەکانی شارەوانی دێنە سەر چیا و پاشماوەکان لادەبەن، بەڵام پاشماوەکان زۆرن و شووشە بۆ زیاتر لە 15 ساڵ لە سرووشتدا دەمێنێتەوە و زیانی زۆری هەیە".
 
باسی لەوەشکرد کە "تیمەکانمان رۆژانی هەینی، کیسی خۆڵ بەسەر گەشتیاراندا دابەش دەکەن، بەڵام بەشێک شۆفێرەکان کیسی خۆڵەکان دەخەنە ئۆتۆمبێلەکانیانەوە و بەکاری ناهێنن بۆ کۆکردنەوەی پاشماوەکان".