بەجێماوێكی ئەنفال لە ئەسفەهانەوە دەگەڕێتەوە

رووداو- سلێمانی

تەمەنی نگین محەممەد عەبدوڵڵا یەك ساڵ بوو كاتێك دایك و باوكی لە بیابانەكانی باشووری عێراق خرانە ژێر خاك، ئەویش كەوتە لای خێزانێكی عەرەبی ناوچەی گەرمیان. خەمەكانی نگین لەگەڵ گەورەبوونی باڵایدا باڵایان كرد، لە تەمەنی 13 ساڵاندا درایە پیاوێكی بە تەمەنی ئێرانی، ئێستاش لە سلێمانی بێ‌ لانەیە.

نگین محەممەد لە دایكبووی ساڵی 1987ی گەرمیانە، تەمەنی یەك ساڵان بووە كە دایك و باوكی بەر شاڵاوی ئەنفال كەوتن، ئەویش كەوتە لای خێزانێكی عەرەب. ئەو خێزانە كە منداڵیان نەدەبوو، بڕیاریان دا نگین بگرنە خۆیان. 

نگین كە ئێستا لە سلێمانی دەژی، باسی ژیانی خۆی بۆ (رووداو) دەكات و دەڵێت: "بیرمە منیان نارد بۆ قوتابخانە، بەڵام زۆرم نەخوێند، لە قوتابخانە دەریانهێنام و كاری نێو ماڵیان پێدەكردم".

ئەو نەیدەزانی منداڵی راستەقینەی ئەو خێزانە نییە، تاوەكو رۆژێك ژنەكە ئەو چیرۆكەی بۆ دەگێڕێتەوە.

وەك نگین باسی دەكات، باوكە عەرەبەكەی كە ناوی ئەحمەد بووە، هەڵسوكەوتی لەگەڵی باش بووە، بەڵام ژنەكە لەگەڵی خراپ بووە. نگین تەمەنی 13 ساڵان بووە كە ئەو ماڵەی بەجێهێشتووە.

ئەو دەڵێت: "ئێوارەیەكیان مەلایەك و پیاوێكی ئێرانی بەناوی خەلیل هاتنە ماڵەوە، پێیانگوتم ئەوانە هاتوون بۆ ئەوەی تۆ ببەنەوە ماڵی خۆت".

نگین زۆر دڵخۆش بووە، بەڵام ئەوكاتیش بە گومان بووە، دواتر بۆی دەردەكەوێ‌ كە هاتوون بۆ خوازبێنی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا كاردانەوەی نابێ‌، دواتر بۆی دەردەكەوێ‌ ئەو بەو پیاوە فارسە فرۆشراوە "گوێم لێبوو باسی پارەیان دەكرد كە خەلیل پارە دەداتە ئەحمەد" نگین وادەڵێت.

بۆ رۆژی دواتر نگین و خەلیل بەڕێدەكەون بۆ شاری ئەسفەهانی ئێران. لە ئەسفەهان ئاهەنگێكی بچووك لە ژێر ناوی ئاهەنگی هاوسەرگیری بۆ نگین رێكدەخەن و بەوجۆرە نگین دەبێتە هاوسەری خەلیل كە تەمەنی 55 ساڵ بووە و ژیانێكی ئاسایی بەڕێ دەكەن لەگەڵ دایكی خەلیل كە هەشتا بەهاری بینیوە.

ژیانی نگین لە ئەسفەهان زۆر داخراو بووە، ئەو دەڵێت "خەلیل و دایكی نەیاندەهێشت بچمە دەرەوەی ماڵ و نەیاندەهێشت هیچ بزانم، بۆیە نەمدەزانی ئایا رەگەزنامە و ناسنامەم هەیە یان منداڵەكەم هەیەتی، تەنها ئەوەم دەزانی كە من لە ئەسفەهانم".

نگین و خەلیل دوای دوو ساڵ، دەبنە خاوەنی موبین، منداڵاكەیان تەمەنی پێنج ساڵان بوو كە خەلیل كتوپڕ مرد. ئیدی نگین بێ‌ پشت و پەنا دەمێنێتەوە، لە هەمووشی ناخۆشتر ئەوە بوو كە دواتر دەردەكەوێ‌ دووگیانیشە، هێندەی دیكە باری ژیانی قورس دەبێ‌. دوای هەشت مانگ لە مردنی خەلیل، نگین دەبێتە خاوەنی كچێك و ناوی لێدەنێ‌ روئیا.

دوای تێپەڕبوونی دوو مانگ بەسەر لەدایكبوونی روئیا، فەریبای دایكی خەلیل بە نگین دەڵێت: "من بەساڵاچووم، تۆش بڕۆوە بۆ وڵاتی خۆت و منداڵەكانیش لەگەڵ خۆت ببە". دوای حەوت ساڵ مانەوە لە ئەسفەهان، نگین ناچار دەبێ‌ ئێران جێبهێڵێت و هەر چونێك بێ خۆی دەگەیەنێتە سەر سنووری باشوور و رۆژهەڵاتی كوردستان.

نگین گوتی: "گەیشتمە باشماخ داوای پاسپۆرتیان لێكردم، منیش گوتم هیچم نییە، تەنیا ئەوە نەبێت كە دەزانم خەڵكی شاری سلێمانیم، بۆیە رێگەیان پێنەدام بپەڕمەوە، دواتر  كەسێك هاتە لام گوتی ئەگەر پارەم بدەیتێ بە قاچاخ دەتگەیەنمە سلێمانی، منیش پارەم پێنەبوو، دواتر گوارەكەی خۆم فرۆشت و پارەكەم دایە قاچاخچییەكە و ئەویش منی گەیاندە سلێمانی".

نگین هیچ شوێنێك شك نابات و كەسیش ناناسێ‌ لە دەرگای بدات، بۆیە پەنا بۆ گۆڕستانێكی شاری سلێمانی دەبات و هەفتەیەك لە گۆڕستانەكە دەمێنێتەوە، دواتر ژنێك دەبێتە فریادڕەسی و هاوكاریی دەكات.

نگین دەڵێت "بارودۆخمان زۆر خراپ بوو، ئێوارەیەك  ژنێك هاتە لام و زۆر پرسیاری كرد لەوەی بۆچی لێرەم و گوتی من چاودێری تۆم كردووە تۆ چەند رۆژێكە لێرەی، كاتێك باسی ژیانی خۆمم بۆ كرد باوەشی پێداكردم و منی بردەوە ماڵی خۆیان".

 نگین دەڵێت: "نزیكەی هەفتەیەك لە ماڵی ئەو ژنە مامەوە، زۆر خزمەتی كردین، دواتر خانووێكی لە نزیك ماڵی خۆیان بۆ بە كرێ گرتم، هەر خۆیشی كرێی خانووی بۆ دەدام".

نگین ساڵێك لە خانووەكەدا دەمێنێتەوە، خاوەنەكەی بڕیاری تێكدانی خانووەكە دەدات، ئیدی نگین ناچار دەبێت خانووەكە چۆڵ بكات و بچێتە خانووێكی دیكە لە گەڕەكی سەرچنار كە خەڵكی خێرخواز كرێی خانووەكەی بۆ دەدەن.

نگین دوای ئەوەی گەڕاوەتەوە كوردستان، بۆ ماوەیەكی زۆر سۆراخی خێزانەكەی كردووە، بەڵام هیچی دەستنەكەوتووە، دواتر بە هەوڵێكی زۆر لە دادگا ناسنامەیەكی بۆ دەردێنن، دادوەر ناوی باوك و باپیری دەكات بە "محەممەد عەبدوڵڵا".

تاوەكو ئێستا نگین و هەردوو منداڵەكەی لەو خانووەی سەرچناردان و لە ژیانێكی كولەمەرگیدان و كوڕەكەی نەخۆشیی گورچیلەی هەیە، نگین ئەگەرچی خۆی بە بەجێماوی ئەنفال دەزانێ‌، بەڵام تاوەكو ئێستا مووچەی نییە. ئەو چاوی لە دەستی خێرخوازانە یارمەتی بدەن.

فوئاد عوسمان، گوتەبێژی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراون بە (رووداو)ی گوت :"بە ناوی شەهیدان سێ جۆر خەڵك مووچە وەردەگرن، ئەوانیش شەهیدی سەنگەر و شەهیدی جینۆساید كە كیمیاباران و ئەنفالكراوانن، هەروەها شەهیدی هاووڵاتی هەیە". گوتیشی "ئێستا 100 هەزار كەس وەك كەسوكاری شەهیدان لە وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان مووچە وەردەگرن.

ئەو كەیسەی نگینیش كە باسی دەكەن ئەگەر مامەڵەی نەكردبێ، مووچەی نییە و ئەگەر كەسوكاری ئەنفالكراوە دەتوانێت مامەڵە بكات و مووچە وەربگرێ‌". بەڵام نگین هیچ بەڵگەنامەیەكی نییە بیسەلمێنێ‌ كە ئەو بەجێماوی ئەنفالە.