لە سەرحەدی باکووری کوردستانەوە 155 هەزار ئاژەڵی قوربانی رەوانەی ناوچەکانی دیکە کراون

رووداو دیجیتاڵ 

لە ناوچەی سەرحەدی باکووری کوردستان زیاتر لە 155 هەزار سەر ئاژەڵی قوربانی رەوانەی پارێزگاکانی دیکەی باکووری کوردستان و تورکیا کراون بۆ ئەوەی لە جەژنی قوربان بکرێنە قوربانی. پارێزگاری ئەرزەرۆم بە هەبوونی نزیکەی دوو ملیۆن ئاژەڵی گەورە و بچووک، بەنێوبانگترین پارێزگای باکووری کوردستانە لە رووی بەخێوکردنی ئاژەڵ. 
 
ئەمساڵ لە پارێزگاکانی ئەرزەڕۆم، قەرس، ئاگری و ئەردەخانی باکووری کوردستانەوە 155 هەزار ئاژەڵی قوربانی رەوانەی شارەکانی دیکە دەکرێن. کەنعان ئەنگین، بەڕێوەبەری کشتوکاڵ و دارستانی ئاگری دەڵێت، "ساڵی رابردوو، نزیکەی 33 هەزار ئاژەڵی بچووکی قوربانیمان ناردە شارەکانی رۆژئاوا، ئەمساڵ چاوەڕێی 40 هەزار دەکەین".
 
ئەرزەڕۆم بە بوونی 850 هەزار ئاژەڵی گەورە و زیاتر لە ملیۆنێک ئاژەڵی بچووک بووەتە گرنگترین پارێزگای باکووری کوردستان لە ئاژەڵداریدا. 
 
دەست بە پشکنینی تایبەتی ئاژەڵان کراوە و رۆژانە ئاژەڵ دەبردرێتە پارێزگاکانی رۆژئاوای تورکیا. ئەمە لەکاتێکدایە بەهۆی خراپیی دۆخی دارایی خەڵکەوە، ئەرزەڕۆم ئەو ژمارە پێوانەییە تۆمار ناکات کە چاوەڕێ دەکرا. 
 
عوسمان ئاکار، بەڕێوەبەری کشتوکاڵ و دارستانی ئەرزەڕۆمە و باس لەوە دەکات، "لە ئەرزەڕۆمەوە هەناردەیەکی بەهێزی ئاژەڵی قوربانی بۆ شارەکانی رۆژئاوا هەیە. پار زیاتر لە 40 هەزار ئاژەڵی گەورە و بچووکمان بۆ قوربانی نارد. هەروەها زیاتر لە 30 هەزارمان سەربڕیوە. ئەمساڵ بەهۆی خراپیی دارایی خەڵکەوە چاوەڕێی زیاتر لەمە ناکەم، بەڵام لەوانەیە وەکو پار بێت".
 
لە قەرسیش ماوەی 10 رۆژە پشکنین و هەناردەی ئاژەڵ بۆ شارەکانی دیکە دەستیپێکردووە. ئیبراهیم ئاڵتنتاش، بەڕێوەبەری کشتوکاڵ و دارستانی قەرس دەڵێت، "23 هەزار ئاژەڵی بچووک و 20 هەزار ئاژەڵی گەورەمان بۆ قوربانی بەخێو کردووە. بێگوومان ئەو ئاژەڵانەمان بۆ قەرس و شارەکانی دیکەش بەخێو کردووە".
 
ئاژەڵی قوربانی بەر لەوەی بنێردرێنە شارەکانی دیکە، پێویستە پشکنینیان بۆ بکرێت و پێکوتەی PPRیان لێدرابێت.
زیاترینی ئەم ئاژەڵانە بۆ شارەکانی ئیستەنبووڵ، ئیزمیر، ترابزۆن و ریزە دەنێردرێن.