هەدەپە روونكردنەوەیەك لەبارەی ئیمرالی بڵاودەكاتەوە
رووداو- هەولێر
دوای هەوڵی ئەنجامدانی كودەتا سەربازییەكەی شەوی هەینی و گرژی و ئاڵۆزییەكان، پارتی دیموكراتی گەلان HDP رایگەیاند، تەندروستی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان PKK باشە و لە بەندیخانەی ئیمرالی زیندانییە.
شاندی ئیمرالی هەدەپە لەڕێگەی لێدوانێكی نووسراودا رایگەیاند، لەبارەی دۆخی تەندروستی ئۆجەلان پەیوەندییان بە راوێژكار و بەرپرسی ئەمنی سەرۆكوەزیر و وەزارتی داد كردووە، ئەوانیش پێیانگوتوون دۆخی تەندروستی ئۆجەلان باشە.
شاندی ئیمرالی ئەوەشیان گوتووە، بەرپرسانی پەیوەندیدار پێیانگوتوون لەچوارچێوەی رووداوی هەوڵی كودەتاكەی شەوی 15ی تەمموز، هیچ زیانێك بە ئیمرالی نەگەیشتووە و دۆخی تەندروستی ئۆجەلان باشە.
شەوی 15-7-2016 بەشێک لە فەرماندەكانی سوپای تورکیا کودەتایەکی سەربازییان ئەنجامدا. كۆشكی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا و باڵەخانەی پەرلەمان لە ئەنقەرە لەلایەن كودەتاچییەكانەوە بۆردوومانکران، لە چەند شوێنێكیش پێكدادان لەنێوان ئەو سەربازانەی لە هەوڵی كودەتادابوون، لەگەڵ پۆلیس و كارمەندانی میت روویدا.
دوای چەن کاژێرێک و هاتنە سەر شەقامی خەڵک لەوەڵامی داواکاری رەجەب تەیب ئەردۆغان، توانرا شکست بە کودەتاکە بهێنرێت و زۆربەی کودەتاچییەکان دەستگیر بکرێن. لە رووداوی هەوڵی كودەتاكەدا زیاتر لە 256 كەس گیانیان لەدەستدا و نزیكەی هەزار و كەسیش برینداربوون.