33 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی حەسەن حەیران تێدەپەڕێت

رووداو- هەولێر

کەم کەس هەیە لە هەرێمی کوردستان ئاشنای حەیران و لاوکەکانی حەسەن حەیران نەبێت، حەسەن حەیران هەر تەنیا حەیران بێژ نەبوو، بەڵکو پێشمەرگەیەکی بەوەفای کوردستان بووە و حەیران و لاوکەکانی ئەو بووەتە پاڵپشتێکی بەهێزی پێشمەرگە.


خورشید شێرە، هاوڕێی هونەرمەند حەسەن حەیران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە هەموو شەڕەکانی دەشتی هەولێر تاوەکو ساڵی 70 بەشداربووە ، لە شەڕەکانیش زۆر زیرەک بووە و هەمیشە یەکێک لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی ورەی پێشمەرگە بووە، هەرکاتێک دووژمن هێرشی دەکرد حەسەن حەیران بە دەنگە خۆشەکەی و بە حەیران و لاوکەکانی هانی پێشمەرگەی دەدا و کاریگەرییەکی یەکجار زۆری هەبوو ، قارەمانێک یان بەرپرسێک کە شەهید دەبوو هەرزوو حەیران یان لاوکێکی بۆ دروستدەکرد".

حەسەن حەیران لە رێگەی حەیران و لاوکەکانییەوە مێژووی خەباتی چەکداریی و داستانەکانی پێشمەرگەی تۆمار کردووە، بۆیە هەر حەیرانێكی ئەو هونەرمەندە پڕیەتی لە چیرۆک و قارەمانیەتی پێشمەرگە.

نزیکەکانی دەڵێن ، حەسەن حەیران هێندە خۆشەویستی بۆ کوردستان هەبووە، ئەوەند خۆشەویستی نەداوەتە منداڵەکانی، هەر ئەوەش بوو کە سەروەرییەکی مەزنی بۆ بنەماڵەکەی تۆمار کردووە.

ئەمیر حەسەن حەیران ، کوڕی هونەرمەند حەسەن حەیران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەبەر خۆشەویستی حەسەن حەیران بۆ خاک و نیشتمانەکەی و بیروباوەڕ و رێبازەکەی ، ئێمە هەستمان بە خۆشەویستی حەسەن حەیران نەکردووە وەکو منداڵی ، هەستمان بە بوونی باوکێکی دڵسۆز نەکردووە بۆ منداڵەکانی ، هۆکارەکەیشی بوونی بوو لە شاخ و پێشمەرگایەتی و شۆڕشگێڕایەتی و قارەمانیەتی ئەو پیاوە".

دەنگ و سەدای ئەو هونەرمەندە لە کوردستان بووەتە قوتابخانەیەکی هونەری، چونکە وەک هونەرمەندان دەڵێن حەیران گوتن و ژەنینی ئامێری شمشاڵ و بلوێر لە یەککاتدا سەخت و دژوارە، بەڵام حەسەن حەیران بە ئاسانی ئەم کارەی کردووە.

هەنورمەند فەرهەنگ غەفوور ، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تاکە حەیرانبێژە کە هەم شمشاڵەکەی بۆ خۆی ژەنیوە و هەمیش گۆرانییەکەی گوتووە ، کە بەڕاستی ئەمە خۆی لە خۆیدا داهێنانە".

حەسەن حەیران لە رێكەوتی 16-7-1984 لە گەشتێكی نێوان نەغەدە و رەزاییەی رۆژهەڵاتی کوردستان بە كارەساتی ئۆتۆمبێل گیان لەدەستدەدات و لەسەر وەسیەتی خۆی لە ساڵی 1991 تەرمەکەی دەگوازنەوە گوندی تەلەخیمی گەورە زێدی باوك و باپیری، 33 ساڵە حەسەن حەیران ماڵئاوایی لە ژیان کردووە، بەڵام هێشتا دەنگ و ئاوازی ئەم هونەرمەند لە ئاسمانی هونەری کوردی دەدرەوشێتەوە.

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان