لە ئاهەنگێکی بووک گواستنەوەدا لە وان 4 کیلۆ زێڕ و 23 دەفتەر دۆلار کرانە خەڵات
رووداو دیجیتاڵ
ئاهەنگێکی بووک گواستنەوەی هۆزی ئەرتۆشی لە پارێزگای وانی باکووری کوردستان دەنگدانەوەیەکی گەورەی بەدوادا هاتووە.
دەنگدانەوەکە بەهۆی ئەوەیە کە بووک و زاوا لەلایەن هۆزی خۆیان و هۆزەکانی دیکەوە دیاریباران کران.
لەو ئاهەنگەدا چەندین گەورە بازرگان لە باکوور، باشوور، رۆژهەڵاتی کوردستان، سویسرا، ئەڵمانیا و هۆڵەنداوە بەشداربوون؛ ئەوان بە دیارییەوە چوونە پارێزگای وان و 4 کیلۆ زێڕ وەکو دیاری پێشکێشی بووکەکە کرا و 6 ملیۆن لیرەی تورکی کە دەکاتە نزیکەی 230 هەزار دۆلار وەک دیاری بە زاوا درا. ماوەی پێشکێشکردنی زێڕ بە بووکەکە 5 کاژێری خایاند.
لە ئاهەنگەکەدا ئادەم دورماز، کوڕی گەورەبازرگانی هۆزی ئەرتۆش نەوزاد دوڕماز لەگەڵ سۆزدار یاغیزەر، کچی گەورەبازرگانی هەمان هۆز؛ تەڵعەت یاغیزەر چوونە نێو ژیانی هاوژینی.
نەوزاد دوڕماز، باوکی زاوا کە یەکێک لە گەورەبازرگانانی وانە دەڵێت، "ئاهەنگیش و پرسەش گرنگییەکەیان لەوەدایە هاووڵاتییان بەیەکەوە بن؛ لە ئاهەنگەکاندا خۆشی و لە پرسەکانیشدا هاوخەمی زۆر گرنگە". دوڕماز راشیگەیاند، لە ئاهەنگی کوڕەکەیدا بەشێک لەو خزم و هاوڕێیانەی ئامادەبوون نزیکەی 20 ساڵ بوو نەیبینیبوون.
لەو ئاهەنگەی هۆزی ئەرتۆشیدا 100 ئاژەڵی بچووک سەربڕدران و میوانەکان نانی ئێوارەیان پێکەوە خوارد.
هۆزی ئەرتۆشی یەکێک لە گەورەترین هۆزەکانی باکووری کوردستان و ژمارەیان نزیکەی 40 هەزار کەس دەبێت. ئەو هۆزە لە 12 تیرە پێکهاتوون و زیاتر لە پارێزگاکانی جۆلەمێرگ، وان، شرنەخ و ئێلهی باکووری کوردستان دەژین؛ هەروەها بەشێکیان لە هەرێمی کوردستان دەژین و بە (ئەترووش) دەناسرێن.