هاتووچۆ لە پێنج ناوچەی شرنەخ قەدەخە کرا


رووداو دیجیتاڵ

لە سنووری پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان چوونی خەڵک بۆ پێنج ناوچەی سەر بە شارۆچکەی ئەلکێ بۆ 9 رۆژ قەدەخە کرا. قەدەخەکردنەکەش بەپێی یاسای سەربازی راگەیێندراوە. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێک کە ئەمڕۆ چوارشەممە، 16ـی تەممووزی 2025، لەلایەن پارێزگای شرنەخ بڵاوکراوەتەوە، پێنج ناوچەی سەر بە شارۆچکەی ئەلکێ، وەک "ناوچەی ئەمنیی تایبەت" ناسێندراون و بۆ 9 رۆژ چوون و هاتنی خەڵک بۆیان قەدەخەیە.
 
بڕیاری قەدەخەکردنەکە سبەی پێنجشەممە دەستپێدەکات و تاوەکو 25ـی تەممووزی 2025 بەردەوام دەبێت.
 
پارێزگەی شرنەخ رایگەیاندووە، "بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی، دەستەبەرکردنی سەلامەتی گشتی، رێگری لە تاوان و پاراستنی ماف و ئازادییەکانی دیکە، ئەو ناوچانە وەک ناوچەی ئەمنیی تایبەت راگەیێندراون" و داوای لە خەڵکی کردووە بۆ پاراستنی سەلامەتی خۆیان، پابەندی بڕیارەکە بن و سەردانی ئەو ناوچانە نەکەن.