بەختیار کاوانی بۆ رووداو: نەبوومەتە پارتی و یەکێتییەکی عەیار 24ـم

   
رووداو-هەولێر

بەختیار کاوانی، لێپرسراوی ئیدارەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە هەولێر دوای تێپەڕبوونی 11 رۆژ بەسەر رووداوی تەقەکردن لێی لە کلکەسماق لە سنووری نێوان کۆیە و دووکان، قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، چاوەڕوانی لێکۆڵینەوەی هێزە ئەمنییەکانە. هەروەها رەتیشیدەکاتەوە بووبێتە پارتی و دەڵێت: "یەکێتییەکی عەیار 24م".
 
"سکاڵام تۆمارنەکردووە" 
 
رۆژی 15-08-2022 بەختیار کاوانی، لێپرسراوی ئیدارەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەوڵێکی کوشتن رزگاری بوو کاتێک لە کلکە سماق تەقە لە ئۆتۆمبێلەکەی کرا. 
 
رۆژی سێشەممە، 16ـی ئابی 2022، لەبارەی رووداوەکەوە بەختیار کاوانی بە رووداوی گوت: "من 10 رۆژ دەبێت هیچ لێدوانێکم نەداوە و هیچ لێدوانێک لەوبارەیە نادەم، بەڵام دوایین شت هێزە ئەمنییەکان ئەوان بەرپرسیارن لەوەی روونیبکەنەوە رووداوەکە چۆن بووە و چی بووە، چونکە شوێنی رووداوەکە لە سنووری یەکێتییە و ئێستا هێزە ئەمنییەکان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن و بەردەوامن و متمانەشم پێیان هەیە."
 
سەبارەت بەو قسانەی دەکرێت کە گوایە رووداوەکە هەوڵی تیرۆرکردن نەبووە و ئەوەی روویداوە سیناریۆیە و مەبەستێکی لەپشتەوەیە، کاوانی دەڵێت: "سیناریۆ زۆرە، کە شتێکی وا روودەدات ئاساییە بگوترێت سیناریۆیە، ئەوە یەکێک دەبێت لە ئەگەرەکان، ئەمە بۆ هەموو کەسێک روودەدات، بەڵام چاوەڕوانی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانم."
 
لەبارەی گومانکردن لەو کەس و لایەنانەشی کە لە پشت رووداوەکەن، ئەو بەرپرسەی یەکێتی ئاشکرایدەکات: "سکاڵام لەسەر کەس نەکردووە، چونکە گومانم لە کەس نییە و کێشەم لەگەڵ هیچ کەسێکیش نەبووە و وردەکاریی رووداوەکە و لێکۆڵینەوەکانم بۆ دەزگا ئەمنییەکان بەجێهێشتووە." 
 
بەختیار کاوانی کە یەکێکە لە سەرکردە دیارەکانی یەکێتی لە هەولێر، کوڕی مەلا جەمیل کاوانی خەڵکی گوندی کاوانیانی دەڤەری خۆشناوەتییە، لە رۆژی 19ـی ئاداری 1986 لەگەڵ هەریەک لە سەردار سەعید سۆفی و لیوا ئەیوب یوسف لە چالاکییەکدا تەقەیان لە پارێزگاری ئەو کاتی هەولێر کرد، کە کوردێکی بەعسی بوو و برینداریان کرد.  
 
"هیچ دەزگایەکی ئەمنی بۆ ئیفادە وەرگرتن بانگهێشتیان نەکردووم"
 
رۆژی 8ـی ئابی 2022، سەرچاوەیەکی باڵا لە کۆیە لەبارەی رووداوەکەوە بە رووداوی گوت کە بەختیار کاوانی لە کلکەسماق لە سنووری نێوان کۆیە و دووکان و لە دوو ئۆتۆمبێلەوە تەقەی لێکراوە و دوای تەقەکردن، تەقەکەرەکان شوێنەکەیان جێهێشتووە، بەڵام وەکو ئەوەی سەرچاوەکە باسیکردووە "بەهۆی ئەوەی ئۆتۆمبێلی بەختیار جەمیل کاوانی گولـلە نەبڕبووە، ناوبراو بە سەلامەتی رزگاری بووە".
 
بەختیار کاوانی کە رۆژی دووشەممە، 15ـی ئابی 2022، لە پەیجی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک نووسیویەتی "خۆمان خاوەنی یەکێتین، خاوەن 21 هەزار شەهیدی قارەمانین". سەبارەت بەوەی لە لایەن دەزگای ئاسایش لە سلێمانی بانگهێشتکراوە و داواکارییەکەی پشتگوێخستووە، بەختیار کاوانی بە رووداوی گوت: "من ئۆتۆمبێلەکەی خۆمم بەدەستی خۆم بردووەتە نێو بارەگای ئاسایشی رۆژهەڵاتی هەولێر کە بارەگاکەی لە شاری کۆیەیە و خۆم لە لایان بووم و ئەوان بەرپرسیارن، چونکە سنووری خۆیانە، هیچ کەس بانگهێشتی نەکردووم بۆ ئەوەی بچم بۆ سکاڵاکردن یان ئیفادە وەرگرتن."
 
هەروەها دەشڵێت: "نازانم کێ لێکۆڵینەوە لەو پرسە دەکات، بەڵام سنوورەکە سنووری ئاسایشی رۆژهەڵاتی هەولێرە کە لە کۆیەیە و رۆژانە پەیوەندییم پێوەدەکەن لەبارەی کامێرا و گوند و شوێنەکانەوە و ئەنجامەکە لەلای ئەوانە، لە یەکەم خولەکەوە زانیارییم لەبارەی رووداوەکەوە داوە و ئەوی دیکە بەرپرسیاریێتیی ئاسایش و لایەنی پەیوەندیدارە روونکردنەوەی زیاتر لەو بارەیەوە بدرێت."
 
"لە پۆستەکەم ماوم و نەبوومەتە پارتی"
 
سەبارەت بەو دەنگۆیانەی باس لە دوورخستنەوەی لە پۆستەکەی وەکو لێپرسراوی ئیدارەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەولێر دەکەن، بەختیار کاوانی ئەو قسانەی رەتکردەوە و گوتی: "من لە پۆستەکەم بەردەوامم، بەڵام بەحوکمی میوان و قەرەباڵخی و ئەو سەردانە زۆرەی خەڵک بۆ لامان، رێگەپێدانم داوەتە کەسێک بۆ بەڕێکردنی کارەکان و واژۆ دەکات، کارەکان تاوەکو دوو هەفتەی دیکە بەو شێوەیە دەبێت."
 
لە سۆشیاڵمیدیا دەنگۆیەک بڵاوبووەتەوە کە ئەو بەرپرسەی یەکێتی بووەتە پارتی، بەڵام بەختیار کاوانی ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە و گوتی: "پارتی دیموکراتی کوردستان هێزێکی کاریگەرە و حەفتا و شتێک ساڵە لە خەباتدایە، منیش کادریرێکی پێشکەوتووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانم و نەبوومەتە پارتی و ناشبمە پارتی."
 
هەروەها باس لەوەش دەکات کە: "من ئێستا چاوەڕوانی دەزگا ئەمنییەکان و لایەنی پەیوەندیدارم بۆ دەرخستنی وردەکاریی رووداوی هەوڵی تیرۆرکردنم، من یەکێتییەکی عەیار 24 م، رووبارێک خوێنمان لەو پێناوەدا داوە و 40 ساڵە پێشمەرگەم، من لە 15 ساڵییەوە پێشمەرگەم، ئیتر دڵنیام لەبەر خاتری خۆم و مێژووەکەم و خانەوادەکەشم لە کۆتاییدا دەزگا ئەمنییەکان روونکردنەوەیەک دەدەن."
 
"ئەژی ئەمین بۆ لێکۆڵینەوە نەهاتبوو"
 
یەکێک لەوانەی دوای رووداوەکە سەردانی بەختیار کاوانی کرد، ئەژی ئەمین بوو، کە خۆی بە بەرپرسی دەزگای زانیاریی یەکێتی دەناسێنێت. بەختیار کاوانی لەو بارەیەوە گوتی: "ئەژی ئەمین پیاوێکە بە سەردانێکی ئاسایی هاتبوو، بۆ لێکۆڵینەوە نەهاتبوو،  خۆی و براکانی و کەسوکاری هاتوون، ئەوخۆی بە بەرپرسی دەزگای زانیاری دەزانێت، کە هاتووەتە لای ئێمەش قسەی زۆر باش و گونجاو و لۆژیکی کرد، بۆیە هاتنی ئەو شتێکی نامۆ نەبوو، ئێمە بەرپرسی حیزبەکان و وەزیری پارتی و بەرپرسانی گۆڕان و لایەنەکانی دیکەش سەردانیان کردووین، ئێمە عەشائیرن و ئەو شوێنەی ئەژی هاتووە ماڵی باوکم بووە و هەر کەس بێت لەسەر سەرمانی دادەنێین".
 
سەبارەت بە هەڵوێستی بەرپرسانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی رووداوەکە، بەختیار کاوانی دەڵێت: "د. بەرهەم و د.رێواس و کاک قوباد و هەموو سەرکردایەتیی یەکێتی بەبێ هیچ لێدەرکردنێک هەموویان جارێک و دوو جاریش پەیوەندییان کردووە."