تورکیا دەڵێت لە ئۆپەراسیۆنێکی میتدا بەرپرسێکی پەکەکە لە گارە گیانی لەدەستداوە


رووداو دیجیتاڵ 

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی دەوڵەتی تورکیا، لە ئۆپەراسیۆنێکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا - میت لە چیای گارە لە سنووری پارێزگای دهۆک لە هەرێمی کوردستان، بەرپرسێکی پارتی کرێکارانی کوردستان – پەکەکە بە ناوی جەلال بیرداڵ کە "سیدار سەرحەد" نازناوی بووە، گیانی لەدەستداوە.
 
ئەنادۆڵ دەڵێت، ئەو گەریلایە بەرپرسی چاپەمەنی و ئەرشیفی پەکەکە بووە. بەپێی زانیاریی سەرچاوە ئەمنییەکانی تورکیا، بیرداڵ لەو کاتەی لە کۆلیژی ئەندازیاریدا خوێندکار بووە، چووەتە شاخ و بووەتە ئەندامی پەکەکە. 
 
بیرداڵ لە ناوچەی زاپ و خواکوڕک لە باشووری کوردستان بووە و لە بەشێک لە چالاکییەکانی پەکەکەدا بەشداربووە. 
 
بەگوێرەی هەواڵی ئاژانسی دەوڵەتی تورکیا، ئەو گەریلایە لە کاتی ئامادەکاری بۆ ئۆپەراسیۆنێک لە شارەکانی تورکیا، لەلایەن هێزەکانی دەزگای هەواڵگرییەوە کراوەتە ئامانج.
 
تاوەکو ئێستا هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە هیچ راگەیێندراوێکی لەو بارەوە بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام هەر چەند رۆژ جارێک ئاماری شەڕ بڵاودەکاتەوە. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی هەپەگە کە رۆژی 13ـی ئابی 2023 بڵاویکردووەتەوە، گەریلاکانی پەکەکە لە 24 کاژێری پێش بڵاوکردنەوەی راگەیێندراوەکە، لە ناوچەکانی مەتین و زاپ لە هەرێمی کوردستان رووبەڕووی هێزەکانی سوپای تورکیا بوونەتەوە و لە ئەنجامدا سێ سەرباز کوژراون و دوو سەربازی دیکەش برینداربوون. 
 
رۆژی 12ـی ئابی 2023ش وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و گوتی، لە رووبەڕووبوونەوەیەکدا لە ناوچەی زاپ لە هەرێمی کوردستان، سێ گەریلای پەکەکە گیانیان لەدەستداوە. 
 
ئەم شەڕ و پێکدادانە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدایە تورکیا ناوی ناوە چنگ - قوفڵ کە بەرەبەیانیی رۆژی 18ـی نیسانی 2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکرد.
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی 620 گەریلا و کوژرانی 101 سەربازی سوپای وڵاتەکەی راگەیاندووە؛ هەپەگەش کوژرانی دوو هەزار و 991 سەربازی تورکیا و گیانلەدەستدانی 361 گەریلای راگەیاندووە.