بەڕێوەبەرایەتیی عەفرین: تورکیا لە سەنتەری شاری عەفرین کشایەوە
رووداو دیجیتاڵ
هێزە سەربازییەکانی تورکیا لەنێو شاری عەفرین کشاونەتەوە و باڵەخانە و دامەزراوەکانیان چۆڵکردوون.
راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی نوێی عەفرین کە سەر بە حکومەتی نوێی سووریایە رۆژی سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سەرجەم بنکەکانی سوپای تورکیا لەنێو شاری عەفرین چۆڵکراون.
سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی نوێی عەفرین بە رووداوی گوت، ئەو شوێنانە رادەستی خاوەنەکانیان دەکرێتەوە.
بەڵام سوپای تورکیا لە دەرەوەی شاری عەفرین چەند بنکەیەکی سەربازی هەیە. سەرچاوەکەی رووداو گوتی، بنکەکان لە 3 تاوەکو 4 گوند دان و ئەوەش لە چوارچێوەی دابەشکردنەوەی هێزەکانی لەنێو رۆژئاوای کوردستان و خاکی سووریادایە بە گوێرەی ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سووریا هەیەتی.
تورکیا پێش کشانەوەی لە عەفرین، ژمارەیەک دامەزراوەی سەربازی و هەواڵگری و کارگێڕی هەبوو، بەڵام لە رۆژانی رابردوودا چۆڵ کراون.
دوو لەو شوێنانەی چۆڵکراون بریتین لە قوتابخانەکانی ئەزهاری عەفرین و فەیسەڵ قەدوور.
قوتابخانەی ئەزهەری عەفرین قوتابخانەیەکی تایبەتە و خاوەنەکەی عەدنان رەحیمە و بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا رادەستی بکرێتەوە.
لە سەرەتای ساڵی 2018دا تورکیا و هێزە نزیکەکانی لە ئۆپۆزیسیۆنی ئەو کاتی سووریا هێرشیانکردە سەر هەرێمی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان و لە 18-3-2018دا شاری عەفرین داگیرکرا.