سەرۆکی ئەنەکەسە: هەمیشە پابەندی شاندی هاوبەشی کوردین بۆ دانوستاندن لەگەڵ دیمەشق
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەنەکەسە دەڵێ، ئەگەر سەردانی دیمەشق بکەن تەنیا دیدار دەکەن نەوەک گفتوگۆ و دانوستاندن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، خوازیارن لەگەڵ پەیەدە شاندی هاوبەش پێکبهێنن و پێکەوە لەو رێگەیەوە داکۆکی لە مافی کورد بکەن.
محەممەد ئیسماعیل، سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی لە سووریا (ئەنەکەسە) سێشەممە 16-9-2025 بووە میوانی بووڵتەنی رۆژئاڤا لە تۆڕی میدیایی رووداو و وەڵامی پرسیارەکانی لەبارەی رۆژەڤی سووریا دایەوە.
لەبارەی ئەگەری چوونی ئەنەکەسە بۆ دیمەشق و گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی سووریا، محەممەد ئیسماعیل رایگەیاند، پلانیان وابووە بە هاوبەشی و وەک کورد بڕۆنە دیمەشق، بەڵام هێشتا ئەو هەوڵە بە ئەنجام نەگەیشتووە.
سەرۆکی ئەنەکەسە ئاماژەی بەوە کرد، بانگهێشتنامەیەکیان لە ئیدارەی نوێی حکومەتی سووریاوە پێگەیشتووە بۆ ئەوەی لەگەڵ سەرۆککۆمار کۆببنەوە.
محەممەد ئیسماعیل رایگەیاند، ئەو بابەتە ئێستا وەستێندراوە و گوتی:"ئەوەی ئێمە لێی تێبگەین، هاوپەیمان و برایانی پەیەدە ناڕەزاییان نیشانداوە. هەروەها لایەنی ئەمریکی و فەرەنسی کەمێک دڵگرانییان هەبوو. جەختمان لەسەر ئەوەش کردەوە کە ئەمە دیدارە نەوەک گفتوگۆ لەسەر بابەتەکان. ئەگەرنا، ئیمە پابەندین بە شاندی هاوبەشی کوردی. بێگومان ئەمە شاندێکە هەوڵ بۆ مافی گەلێک دەدات، نەوەک لایەنێکی تایبەت".
محەممەد ئیسماعیل هەروەها رایگەیاند، ئەو کاتانەی لایەنی بەرامبەر بۆ ئەو کۆبوونەوانە دەڕۆیشتن، ئەنەسەکە بەم شێوەیە رەخنەی نەدەگرت، کەچی رۆیشتنی ئەنەکەسە بۆ هەمان دیدار وەکو قەیران دەبینرێت.
هێشتا هیج رۆژیک بۆ سەردانی شاندی ئەنەکەسە بۆ دیمەشق دیاری نەکراوە. لەبارەی ئەوەی کە ئایا ئەنەکەسە بە ئاگاداریی فەرمانداریی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ئەو سەردانە دەکات یان نا، محەممەد ئیسماعیل گوتی:"ئیمە پەیوەندیی هەمیشەییمان لەگەڵ کاک مەزڵووم هەیە. ئێمە گوتمان کاتێک ئەوان دەرۆن، هیچ زانیارییەکمان پێ نادرێ. ئینجا ئەمە مافی ئێمەیە و ئیمەش جەماوەری خۆمانمان هەیە. ئەگەرچی هێشتا هیچ هەنگاوێکمان لەمبارەیەوە نەناوە، بەڵام تەنیا ئەوکاتەی ئێمە هەنگاو دەنێین، دەڵێن یەکڕیزیی کورد کێشەی تێدەکەوێ".
سەرۆکی ئەنەکەسە رەتیکردەوە ئەوان یەکریزیی کوردیان تیکدابێت و جارێکی دیکە پابەندبوونی ئەنەکەسەی بە کۆنفرانسەکەی رۆژی 26ی نیسانی 2025 نیشاندا.
بریار بوو پشتئەستوور بەو کۆنفرانسە شاندێکی هاوبەشی کوردی بۆ کۆبوونەوە و دانوستاندن لەگەڵ دیمەشق پێکبهێندرێ. بەڵام تاوەکو ئێستا هەنگاوی کردەیی بۆ ئەمە نەنراوە.
سەرۆکی ئەنەکەسە بە پێویستی دەزانێت هەوڵی جیدی بۆ رێکخستنی دیداری دیمەشق لەگەڵ شاندی هاوبەشی کوردی بنرێ.
هەروەها گوتی:"پێویستە ئەمڕۆ ئێمە پرۆتۆکۆڵێکی هاوبەشیی کورد دروست بکەین بۆ ئەوەی لەڕێیەوە بە هاوبەشی لە دیمەشق کار بۆ داهاتووی گەلی کورد بکەین. دەکرێ ئیمە پشتئەستوور بە رێککەوتنی دهۆک ئەم کارە بکەین".
رۆژی 8ـی کانوونی یەکەمی 2024، کۆتایی بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا هێنرا، دواتر ئەحمەد شەرع بووە سەرۆککۆماری وڵاتەکە بۆ قۆناخی راگوزەر و 10ی ئاداریش رێککەوتننامەیەک لە نێوان مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع واژۆ کرا.