ژنێک لە هەولێر 10 ساڵە سەگی بێلانە بەخێودەکات؛ بەڵام ئایا ئەوە چارەسەرە؟
رووداو دیجیتاڵ
کێشەی سەگی بێلانە لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەت لە هەولێر، بووەتە بابەتێکی گەرم. لە کاتێکدا هەندێک هاووڵاتی بەخێویان دەکەن، هەندێکی دیکە بە مەترسییان دەزانن. لە ساڵی 2013ەوە کوشتنی ئاژەڵی بێلانە قەدەخە کراوە، ئێستا پڕۆژەی "گرتن، نەزۆککردن و گەڕانەوە" وەک چارەسەرێک دەبینرێت.
ئەوان گوناهن.. مەترسی دروست دەکەن
شەیما محەممەد، کە نزیکەی 10 ساڵە سەگی بێلانە بەخێودەکات، دەڵێت: "جارجار من خواردنیان بۆ دەکڕم پێیان دەدەم چونکە ئەو خواردنەی خەڵک بۆیانی دادەنێت بەش ناکات." ئەو پێیوایە سەگ گڵاو نییە و رۆحی هەیە، بە پێچەوانەی ئەو بیروباوەڕەی کە لە کۆمەڵگەدا هەیە.
لە بەرامبەردا، هاووڵاتییانی دیکە بە چاوێکی مەترسیدار سەیری ئەم بابەتە دەکەن. نێرگز مستەفا دەڵێت، بۆ کڕینی پێداویستییەکانی ناو ماڵ دەبێت دارێک لەگەڵ خۆی ببات بۆ پاراستنی خۆی لە سەگەکان.
یوسف حاجی، بەڕێوبەری بیناسازی، چیرۆکی میوانێکی فەرەنسی دەگێڕێتەوە کە لەسەر شەقام ترساوە و بە دەستبردنە بەر مۆبایل وەرگێڕانی قسەکانیان کردووە. ئەو دەڵێت: "ئێستا کەوتووینەتە دۆخێکی مەترسیدار. ئێستا دراوسێکەمان دوو منداڵی هەیە ناوێرن بێنەوە دەرەوە."
فەرحان قادر، کاسبکار، دەڵێت سەگەکان "جێگەی متمانە نین" و ترسی ئەوەی هەیە منداڵەکان پەلامار بدرێن.
چارەسەرەکان و بیروڕا جیاوازەکان
بەپێی ئامارەکان، تەنیا لە هەولێر لە ساڵی 2023ەوە نزیکەی 18 هەزار سەگی بێلانە کۆکراونەتەوە، بەڵام ژمارەیان بەردەوام لە زیادبووندایە. بۆ نەزۆککردنی هەر سەگێکی مێ 150 دۆلار و سەگی نێر 100 دۆلار پێویستە و لە هەولێر نزیکەی 9 هەزار سەگ نەزۆک کراون.
لەبارەی چارەسەرەوە، د. بەفرین محەممەد، پزیشکی ڤێتەرنەری دەڵێت: "هاتنی سەگ بۆ ناو شێڵتەر و گەڕانەوەیان بۆ نێو کۆمەڵگە بە تەواوی نییە کە هەمووی لەناو ببردرێن چونکە ئێمە سنوورەکانمان کراوەن و لە موسڵ و کەرکووکەوە دێن." ئەو باس لەوە دەکات کە ئامانجیان کەمکردنەوەی ژمارەی سەگەکانە لە هەولێر.
لە لایەکی دیکەوە، د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، گوتەبێژی یەکێتیی زانایان دەڵێت: "ئەنجوومەنی باڵای فەتوا دەڵێت هەرکاتێک سەلمێنرا ئەو سەگە زیانی هەیە بۆ کۆمەڵگە و جێگەی مەترسییە بۆ مرۆڤ... دروستە ئەو سەگە لەناو ببردرێت." بەڵام ئەو جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم کارە دەبێت لەلایەن لیژنەیەکی تایبەتەوە بێت نەک بە شێوەی تاکەکەسی.