فەرماندەیەکی پێشمەرگە: هیچ فشارمان لەسەر نەبوو، نازانین بۆ پاشەکشە کرا

رووداو - کەرکووک

فەرماندەیەکی پێشمەرگە بە پلەی رائید لە فەوجی سێی لیوای یەک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هیچ فشارێکی سەربازییمان لەسەر نەبوو، نازانین بۆ پاشەکشەیان کرد، سێ بۆ چوار تانک (دەبابە)مان لابوو لەناکاو پاشەکشەیان کرد و پێشمەرگەش کەوتنە دوایان".

لەبارەی شەڕەکەش گوتی: "خۆڕاگرییەکی باشمان کرد، زیاتر لە سێ کاژێر بە هاوەن و دۆشکە لێیان داین هیچ جووڵەیەکمان بۆ دواوە نەکرد، بەڵام دواتر پاشەکشەیان کرد، تەنیا دەڵێم  بەداخەوە. داوادەکەین خەڵک لە هۆکاری ئەم کشانەوەیە بپرسن و بزانن کێن ئەوانەی فەرمانی کشانەوەی پێشمەرگەیان داوە".

ئەو بە وەرەیەکی بەرزەوە گوتی خەڵکێکی زۆری خۆبەخش بۆ بەرگریکردن پەیوەندییان پێوە کردوون و گوتیشی: "ئێمە ئامادەین کەسێک سەرکردایەتیمان بکات هێرش بکەین و شوێنەکانی خۆمان بگرینەوە، بەڵام نازانین بی فەرمان چی بکەین".

لەبارەی ناردنی هێزیش بۆ کەرکووک گوتی: "دەگوترێت هێزی زێرەڤانی چوونەتە تەلوەرد، دەستخۆشییان لێدەکەین، ئەمشەویش لیوای کاک کۆسرەت لە ناوچەی پیشەسازی گەورە بەرگرییەکی بێوێنەیان کرد و لەماوەی 5 خولەک حەشدی شەعبییان تێکشکاند".