ئاکپارتی: هیچ داوایەک لەبارەی مافی هیوا بۆ ئۆجەلان پێشکێش نەکراوە

 
رووداو دیجیتاڵ

بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا دەڵێ، هیچ داواکارییەک بۆ مافی هیوا بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە پێشکێش نەکراوە.
 
ئۆزڵەم زەنگین، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا، رۆژی چوارشەممە 15ی تشرینی یەکەمی 2025 لە ئەنقەرە، لە بەرنامەی فیدراسیۆنی میدیای تورکیادا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی دایەوە.
 
ئۆزڵەم زەنگین لەبارەی پڕۆسەی چارەسەریی پرسی کورد رایگەیاند، بۆ لێبووردنی گشتی و مافی هیوا بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان هیچ داواکارییەک پێشکێش نەکراوە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کە بۆ چارەسەری پرسی کورد لە پەرلەمانی تورکیا پێکهێندراوە، تاوەکو کۆتایی ساڵ کارەکانی بەردەوام دەبن و لە ئەنجامدا لەبارەی پێشنیازەکان راپۆرتێک پێشکێشی پەرلەمانی تورکیا دەکات.
 
زەنگین گوتی: "دوای پێشکێشکردنی راپۆرتی کۆمیسیۆن، بە ئەگەرێکی زۆر بۆ ئەو کەسانەی تاوانبارن و چەکیان بەکارهێناوە و ئەو کەسانەی چەکیان بەکارنەهێناوە، چەند رێکارێکی یاسایی پێویست دەگیرێتەبەر."
 
سەبارەت بە پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی)ـیش گوتی: "هەڵوێستی ئەوان لە پڕۆسەکەدا ئەرێنییە و یەک هەڵوێستن و هیچ جیاوازییەک لە قسەکانیاندا نییە".
 
زەنگین سەبارەت بە مافی هیوا بۆ ئۆجەلان گوتی: "لەو کۆبوونەوانەی بەشدارییم کردووە، داواکارییەکی لەو شێوەیەم نەبیستووە، بەڵکو بە پێچەوانەوە چەندینجار گوتراوە، ئۆجەلان هیچ داواکارییەکی بۆ دەرچوون لە ئیمڕاڵی نەکردووە. شاندی دەم پارتی کە سەردانی ئێمەی کرد و لە بەرزترین ئاستی ھاوسەرۆکاندا بوو، گوتیان بۆ دەرچوونی (ئۆجەلان) هیچ داواکارییەک نییە."