زانا مەلا خالید: پارتی زۆرینەی هەرە زۆری کورسییەکانی هەولێر دەباتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسی لقی دووی پارتی دەڵێت: پارتی دەستکەوتی هەیە بۆیە بە ئارامی بانگەشە دەکات، بەڵام ئەو لایەنەی هیچی پێنەبێت هاوار دەکات و ژاوەژاو دروست دەکات.
 
زانا مەلا خالید، لە کاتی بەشداریکردنی لە بوڵتەنی کاژێر 16:00 ی تۆڕی میدیایی رووداو گوتی: "بە فەرمانی سەرۆک بارزانی بانگەشەیەکی ئارام بەڕێوە دەبەین"، گوتیشی تەنیا پارتی دەتوانێت پارێزگاری لە سەروەریی هەرێمی کوردستان بکات.
 
لەبارەی بردنەوەی کورسییەکانی پارێزگای هەولێر لەم هەڵبژاردنە لەلایەن پارتییەوە، زانا مەلا خالید رایگەیاند: "راپرسیمان کردووە کە چەند کورسی لە هەولێر دەبەینەوە، بەڵام باسی ناکەین بۆ ئەوەی لایەنەکانی دیکە شۆک نەبن، بەڵام بە دڵنیاییەوە پارتی زۆرینەی هەرە زۆری کورسییەکانی پارێزگای هەولێر دەباتەوە".
 
زانا مەلا خالید گوتیشی: "پارتی لە ئارامیدا گەشە دەکات، بەڵام لایەنەکانی دیکە کە لە بانگەشەکانی رابردوودا باسی ئارامیان دەکرد، نەیانتوانی ئارامی شارەکەی خۆیان بپارێزن".
 
لەبارەی یاسای هەڵبژاردنەوە، زانا مەلا خالید نەیشاردەوە کە گلەییان لە یاسای ئێستای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق هەیە، بۆیە لە خولی داهاتوودا کار بۆ هەموارکردنەوەی یاسایەکە دەکەن.
 
گوتیشی: "قۆناخی داهاتووی عێراق جێبەجێکردنی دەستوور دەبێت". لەبارەی مامەڵەی حکومەتی عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بەرپرسی لقی دوو رایگەیاند: "دەبێ عەقڵیەتی مەرکەزی بگۆڕێت بۆ عەقڵیەتی فیدڕاڵی."
 
لەبارەی ئامانجی پارتییەوە، زانا مەلا خالید  گوتی: "کوردستان ستراتیژە نەک پارتی، پارتی لەسەر ئەو بنەمایە بە شێوازێکی تەندروست دروست بووە، بەڵام لایەنی دیکە هەیە لە ئەنجامی خیانەت دروست بووە."
 
لەبارەی پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتییەوە لە بەغدا گوتی: "پارتی لە بەغدا یەک ئامانجی هەیە کە گەشەپێدانی کوردستانە، بەڵام یەکێتی هەمان ئەو ئامانجەی نەبوو، هیواشی خواست لە خولی داهاتوودا یەکێتی ئەو رێچکەیە بگرێتە بەر و لەگەڵ پارتی یەک ئامانجیان هەبێت کە خزمەتکردنی هەرێمی کوردستانە".
 
لە وەڵامی ئەوەی پارتی و یەکێتی دوو هێزی رکابەری یەکدین، زانا مەلا خالید داوای لێبووردنی خواست و گوتی: یەکێتی رکابەری پارتی نییە، کورسییەکان شایەتی ئەوە دەدەن".
 
بەڵام ئەوەشی گوت: "لەگەڵ لایەنەکان ململانێی سیاسی دەکەن، بەڵام دوژمنی یەکدی نین"
 
زانا مەلا خالید گوتیشی: گوتاری پارتی لە بانگەشە روونە و باسی جێبەجێکردنی دەستوور دەکات، بەڵام گوتاری لایەنەکانی دیکە لە هەولێر روون نیە" ئاماژەی بەوەشکرد:" سەرپەرشتیاری هەڵبژاردنی لایەنی دیکە هەیە لە هەولێر کە خۆی بە رکابەری دەزانێت: بە دمبک لێدان دەیەوێ دەنگ کۆبکاتەوە، بەڵام خەڵك دەنگ بە دمبک لێدان نادات، دەنگ بە لایەنێک دەدات کە پارێزگاری لە قەوارەی هەرێمی کوردستان دەکات".