بارزانی لە ئامەد: بژی ئاشتی.. بژی ئازادی


رووداو – ئامەد



سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە ئامەد لەنێو ئاپۆرایەكی جەماوەریی فراواندا، كە بۆ پێشوازیی لە پرۆسەی ئاشتی هاتبوونە ئامەد وتارێكی پێشكەشكرد‌و تێیدا داوای لە هەموو گەلی كورد كرد پشتگیری لە پرۆسەی ئاشتی بكەن.


مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە سەرەتای وتارەكەیدا سوپاسی سەرۆك وەزیرانی توركیای كرد بۆ بانگهێشتكردنی بۆ ئامەد‌و گوتی "سوپاسی بەڕێز ئەردۆغان دەكەم كە ئەم دیدارەی بۆ ئێمە رێكخست، ئەمڕۆ رۆژێكی مێژووییەو خەونێكە هاتووەتەدی، كە پێكەوە لە دیاربەكری دەلالین، ئەمڕۆ رۆژی برایەتی ‌وپێكەوەژیان و یەكدی قبو‌وڵكردنە".

گوتیشی "من وەكو تاكێكی كورد زۆر دڵخۆشم كە ئەم رۆژە دەبینم".

سەرۆكی هەرێمی كوردستان گوتی "بەڕێز ئەردۆغان زۆر بوێرانە رێگای ئاشتی هەڵبژارد و دەستی بۆ ئاشتی درێژكرد، داخوازی من ئەوەیە لە برا كوردەكانم پشتیوانیی پرۆسەی ئاشتی بكەین".

ئاماژەی بەوەشكرد، كە "شەڕی ئاشتی شەڕێكی زەحمەتە، كەسێك بە جورئەت نەبێ ناتوانێت شەڕی ئاشتی بكات، چەند رێگای ئاشتی درێژبێت باشترە لە كاژێرێكی شەڕ، بۆیە پێویستە هەموومان پشتگیریی پرۆسەی ئاشتی بكەین".

بارزانی ئەوەشی خستەڕوو "20 ساڵ لەمەوبەر زەحمەت بوو بوو من لە ئامەد لە خزمەتی ئێوەدا بم، بۆیە ئێستا باوەڕم وایە پرۆسەی ئاشتی دێتە دی، چەند كاتیشی پێویست بێت شایەنییەتی".

لە كۆتایی وتارەكەشیدا بارزانی هەرچەند ئاماژەی بەوەكرد، كە ئەو زمانی توركی نازانێت، بەڵام بە توركی دوو وشەی گوت و گوتی "بژی ئاشتی .. بژی ئازادی".