ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان: ئەمساڵ خانەی راپەڕاندن هەڵدەبژێردرێت
رووداو دیجیتاڵ
جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان بەبێ ئاماژەکردن بە وادەی هەڵبژاردنی، بڕیاری دا بەپێی رێکارەکانی دەستووری نێوخۆی بزووتنەوەکە خانەی راپەڕاندن هەڵبژێرێت و پڕۆسەى ئاشتەوایی لەگەڵ کاراکتەرانى دەرەوەى پەیکەرى رێکخراوەیی بزووتنەوەى گۆڕان بەردەوام بێت، لەگەڵ تەواوکردنى هەنگاوەکان بۆ بەستنى کۆنفڕانسى نیشتمانى. ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەکەش دەڵێت، بڕیارە خانەی راپەڕاندن پێش کۆتایی ئەمساڵ هەڵبژێردرێت و کۆنفرانسی نیشتمانییش بکرێت.
رۆژی چوارشەممە 15-11-2023 جڤاتى نیشتمانیى بزووتنەوەى گۆڕان کۆبووەوە؛ دوای کۆبوونەوەکە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە، جڤاتى نیشتمانى بڕیاری دا پڕۆسەى ئاشتەوایی و پێکەوە کارکردن لەگەڵ کاراکتەرانى دەرەوەى پەیکەرى رێکخراوەیی بزووتنەوەى گۆڕان بەردەوام بێت.
هەر بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، خانەى راپەڕاندن هەڵبژێردرێت و لە پێکهاتەکەیدا رەچاوى کەسایەتییە سیاسییە دیار و بەئەزموونەکان و نوێنەرایەتیى گەنجان و ئافرەتان دەکرێت. هەروەها باس لە بەستنی کۆنفرانسی نیشتمانی کراوە.
رۆژی چوارشەممە 15-11-2023 عهبدوڵڵا قادر فەقێ برایم، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان، کە یەکێک بووە لە بەشدارانی کۆبوونەوەکە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە کۆبوونەوەکەدا پرسی هەڵبژاردنی خانەی راپەڕاندن بە هەردوو ژوورەکانی پەیجووری و هەڵبژاردن راسپێردراوە و ئەوان وادەکان و میکانیزمەکان دیاری دەکەن، بڕیاردراوە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ هەڵبژاردنی خانەی راپەڕاندن و کۆنفڕانسی نیشتمانییش بکرێت."
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەی جڤاتی نیشتمانیدا هاتووە: "جەختکرایەوە لەسەر جێبەجێکردنى ستراتیژى سیاسیی بزوتنەوەى گۆڕان، وەک بزوتنەوەیەکى جەماوەرى مەدەنى پشت ئەستور بە هاووڵاتییان، دوور لە نەریتى بنەماڵە و تەوریسى سیاسیى؛ هەل بڕەخسێنێت بۆ هەر هاونیشتیمانییەک بەشداریی سیاسیی و نوێنەرایەتى داخوازى و کێشەکانى چین و توێژەکانى کۆمەڵگەى کوردستان بکات."
رۆژی چوارشەممە 13-10-2021 رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان دەستیان لەکارکێشایەوە و خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕانیش رایگەیاند، لە نزیکترین کاتدا دەستەیەک بۆ بەڕێوەبردنی بزووتنەوەکە هەڵدەبژێرن.
ئەو هەڵوێستەی بزووتنەوەکە دوای ئەوە هات، بزووتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنی 10-10-2021 لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لە هاوپەیمانییەکی هاوبەش بەناوی هاوپەیمانیی کوردستان بەشداریی هەڵبژاردنی کردبوو، بەڵام نەیتوانی هیچ کورسییەکی پەرلەمانی عێراق بەدەستبهێنێت.
بەپێی دەستووری ناوخۆی بزووتنەوەی گۆڕان، خانەی راپەڕاندن بەرپرسی جێبەجێکردنی بڕیار و راسپاردەکانی جڤاتی نیشتیمانیی بزووتنەوەی گۆڕانە لەنێوان دوو کۆبوونەوەدا.