کۆچ و کۆچبەرانی گەرمیان رەتیدەکاتەوە کەمپێکی ئاوارەکان داخرابێت
رووداو دیجیتاڵ
پێچەوانەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق کە دەڵێت، کەمپێکی ئاوارەکانیان لە قەزای خانەقین داخستووە، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی گەرمیان ئاماژە بەوە دەکات، ئەوان سەرپەرشتی کەمپەکە دەکەن و دانەخراوە.
رۆژی پێنجشەممە، 16-11-2023، بێستوون ژاڵەیی، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی گەرمیان، لەبارەی هەواڵی تایبەت بە داخستنی کەمپێکی ئاوارەکان لە ناحیەی قۆرەتووی سەر بە قەزای خانەقین، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کەمپەکە دانەخراوە؛ پێشتر 65 خێزانی عەرەبی ناوچەکانی شارەبان و سەعدییەی تێدابوو؛ ئێستا 12 خێزانیان ماون. کەمپەکە لەلایەن ئێمەوە سەرپەرشتی دەکرێت. ئەو هەواڵەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراقیش بڵاویکردووەتەوە کە گوایە کەمپەکە داخراوە راست نییە".
بێستوون ژاڵەیی گوتیشی، "ئێمە سەرپەرشتی ئەو کەمپە دەکەین، ئەگەر دابخرێت ئێمە رایدەگەنین، بەڵام دانەخراوە. وەڵامی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانیش دەدەینەوە".
ئەو لێدوانەی بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی گەرمیان دوای ئەوە هات، ئەمڕۆ پێنجشەممە 16-11-2023، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بڵاویکردەوە، کەمپی قۆرەتوویان لە پارێزگای سلێمانی داخستووە و ئەوەش بووەتە یەکەم کەمپ لە هەرێمی کوردستان لە 2014ەوە دابخرێت. بێستوون ژاڵەیی دەڵێت، "پێشتر دوو کەمپ لە تاسڵوجە و بەرزنجە لە سلێمانی داخراون".
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە هەرێمی کوردستان، زیاتر لە 664 هەزار ئاوارە هەن؛ 490 هەزاریان لە دەرەوەی کەمپەکان و زیاتر لە 174 هەزاریش لە 25 کەمپ نیشتەجێن. ئەو ئاوارانە بەهۆی شەڕی داعشەوە زێدی خۆیان جێهێشت و تائێستاش بە هۆکاری ئابووری، کۆمەڵایەتی و ئەمنی نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە.