شاندێكی ته‌كنیكی و یاسایی هه‌ڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە به‌غدایە

رووداو دیجیتاڵ
 
شاندێکی تەکنیکی و یاسایی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدایە. یاریدەدەری بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی ئەو حیزبە دەڵێت: " ژمارەیەک تێبینی یاساییمان لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن هەیە".
 
لیزا فەلەکەدین کاکەیی، یاریدەدەری بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: "شاندەکە بە سەرۆکایەتیی جەعفەر ئیمینکی، بەرپرسی هەڵبژاردنی پارتییە و ئامانجی سەردانەکەش به‌دواداچوونە بۆ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، بەتایبەت لەسەر ئەو وێستگانەی ماون هەژماربکرێن".
 
لیزا فەلەکەدین کاکەیی گوتیشی: "پارتی ژمارەیەک تێبینی یاسایی لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن هەیە و لە بەغدا بەدواداچوون بۆ ئەو تێبنیانە دەکات؛ بۆیە شاندی هەڵبژاردنی پارتی لە بەغدا لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کۆدەبێتەوە".
 
رۆژی یەکشەممە 9-11-2025 دەنگداتی تایبەت و رۆژی سێشەممە 11-11-2025 پرۆسەی دەنگدانی گشتی  بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو.
 
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە (12-11-2025) کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی بڵاوکردەوە.