سەربەست لەزگین: لەبارەی پەکەکە قسەکانی من هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ قسەکانی وەزیری پێشمەرگە نییە
رووداو دیجیتاڵ
بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە بە رووداوی راگەیاند، قسەکانی من لەبارەی هێرشەکانی پەکەکە بۆ سەر هێزی پێشمەرگە، هەمان بۆچوونی وەزیری پێشمەرگەیە و بەیەکەوەش بڕیارمانداوە کە هاوپەیمانان لەو هێرشانە ئاگادار بکەینەوە.
لەکاتی بەشداریکردنی لە نیوڕۆژی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکەشی دەکات لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە بۆچی وەزیری پێشمەرگە کەمترین لێدوانی لەبارەی گرژییەکانی ئەم دواییەی پەکەکە و پێشمەرگە هەیە؟ سەربەست لەزگین، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە لە وەڵامدا گوتی " قسەکانی من لەبارەی پەکەکە هەمان قسەی جەنابی وەزیرە و هاوهەڵوێست و یەکدەنگین."
بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا رایگەیاند "بە هەمان شێوەی ئێمە، ئەندامانی سەرکردایەتی یەکێتی قسەیان لەسەر دەستێوەردانی پەکەکە لە ناوچەی کەرکووک و سلێمانی کردووە، لەگەڵ وەزیری پێشمەرگەش لەسەر خەتین و تاوەکو ئەمڕۆش کە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیم بەست ئاگاداری یەکدی بووین و هاوهەڵوێست و یەک دەنگین لەسەر هێرشەکانی پەکەکە بۆ سەر پێشمەرگە."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژە بەوە دەدات کە هیچ جیاوازییەک لەنێوان ئەو و وەزیری پێشمەرگەدا نییە سەبارەت بە گرژییەکانی ئەم دواییە و دەشڵێت "هیچ کارێک بێ یەکدی ناکەین و پێکەوەش بڕیارمانداوە کە ئاگاداری هاوپەیمانان بکەینەوە و هەڵوێستی خۆمانیان پێبگەیێنین و داوایان لێبکەین سنوورێک بۆ یەپەگە لە رۆژئاوای کوردستان دابنێن و جارێکی دیکەش هێرش نەکەنە سەر هێزی پێشمەرگە."
ئەمڕۆ چوارشەممە 16-12-2020 ، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، کاژێر 01:00ی شەوی رابردوو لە سنووری رۆژئاوا و باشووری کوردستان شەڕ لەنێوان هێزی پێشمەرگە و مەفرەزەیەکی چەکدارانی پەکەکە روویداوە، کە ویستوویانە "بە قاچاخ" بپەڕنەوە هەرێمی کوردستان.
سەربەست لەزگین وردەکاریی ئەو هێزەی رووبەڕووی پێشمەرگە بوونەتەوە باسکرد و دەڵێت "ئەو هێزە لەناو سووریاوە هاتن، لەناو رۆژئاوای کوردستانەوە هاتن، کە زیاتر لە 50 بۆ 60 کەس دەبوون، بە ئامانجی ئەوەی زیانێکی زۆر لە هێزەکانی پێشمەرگە بدەن و دەست بەسەر ئەو خاڵەدا بگرن".
هاوکات میدیاکانی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە لەزاری سەرچاوەیەکی یەکینەکانی پاراستنی گەل - یەپەگە رایانگەیاندووە، قسەکانی سەربەست لەزگین، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە دوورن لە راستی و هیچ هێرشێک نەکراوە. هاوکات راشیانگەیاندووە، دواتر یەپەگە راگەیێندراوێکی فەرمی لەوبارەیەوە بڵاودەکاتەوە.
لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا ئەوە دووەمجارە پێکدادانی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و چەکدارانی پەکەکە رووبدات. کاژێر 11:30 خولەکی شەوى یەکشەممە 13-12-2020 رووبەڕووبوونەوەیەک روویدا کاتێک ئۆتۆمبێلێکی پەکەکە لەنزیک گوندى گرگاشی سەر بە دەڤەرى بەرێگارێی نزیک سەنتەرى قەزای ئامێدى ویستیان لە خاڵێکى پشکنینى پێشمەرگە تێپەڕن، لەوکاتەدا تەقە لەنێوان هێزى پێشمەرگە و گەریلاکانی پەکەکە دروستبوو و لە ئەنجامى ئەو شەڕە پێشمەرگەیەکى هێزى رۆژ بە پلەى ملازم ئەوەل گیانی لەدەست دا.