وەزارەتی پەروەردە داشکاندن بۆ قوتابیانی پەیمانگە و خوێندنگە ئەهلییەکان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەبەر بەرژەوەندی قوتابیان و خانەوادەکانیان، بڕیادرا بە داشکاندنی نرخی خوێندن لە قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومییەکان ( کرێی نیوەی ساڵی خوێندن).
بەپێی فەرمانێکی وەزاری کە واژۆی ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستانی لەسەرە، داشکاندانی کرێی خوێندنی هەموو قوتابیانی قوتابخانە و پەیمانگەکانی وەزارەتی پەروەردە بۆ وەرزی یەکەم (نیوەی ساڵ) کەمدەکرێتەوە. بەم شێوەیەی خوارەوە:
یەکەم: قوتابخانە و پەیمانگەکان بە رێژەی 25% کرێی خوێندنی وەرزی یەکەم (نیوەی ساڵ) یان لێوەردەگیرێت، واتە نیوەی تێکڕای کرێی خوێندنی ساڵ.
دووەم: قوتابخانە نێودەوڵەتییەکان بەڕێژەی 15% کرێی خوێندنی وەرزی یەکەم (نیوەی ساڵ) واتە نیوەی تێکڕای کرێی خوێندنی ساڵ.
سێیەم: هەر قوتابی و خوێندکارێک سوودمەندبوو بێت لە داشکاندن بە هەر شێوازێک ئەم بڕیارە نایگرێتەوە.
چوارەم: بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەکان و بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەیمانگەکان و مەشقکردن و بەڕێوەبەرایەتی قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومییەکان و بەڕێوەبەرایەتی سەرپەرشتیکردنی پەروەردەیی پارێزگا، چاودێری وردی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە دەکەن. لە هەر حاڵەتێکی سەرپێچیدا جگە لە سزای دارایی بۆ ساڵی خوێندنی 2021 - 2022 لایەنی سەرپێچیکار مافی وەرگرتنی قوتابی پێنادرێت.
وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەم فەرمانە لە رۆژی دەرچوونییەوە جێبەجێدەکرێت.