وەزارەتی پێشمەرگە: لە سحێلا پەکەکە هێرشی کردە سەرمان
رووداو دیجیتاڵ
بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، کاژێر 01:00ی شەوی رابردوو لە سنووری رۆژئاوا و باشووری کوردستان شەڕ لەنێوان هێزی پێشمەرگە و مەفرەزەیەکی چەکدارانی پەکەکە روویداوە، کە ویستوویانە "بە قاچاخ" بپەڕنەوە هەرێمی کوردستان."
سەربەست لەزگین، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "بەداخەوە شەوی رابردوو رووداوێکی چاوەڕواننەکراو لەسەر سنووری عێراق و سووریا روویدا، لەنێوان هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان، لە کاژێر 01:00ی شەو مەفرەزەیەکی چەکدارانی پەکەکە هەوڵی دەربازبوونی نێو هەرێمی کوردستانیان دا بە رێگەیەکی قاچاخ و ناڕەوا".
لەزگین وردەکاریی رووداوەکەی خستەڕوو و گوتی: "لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە بینران، کە ئەرکی ئەوان ماوەی چەند ساڵێکە لەسەر ئەو سنوورە بەردەوامە، هەموو خەڵکی کوردستان و هەموو لایەنە سیاسییەکانیش ئەوە دەزانن کە ئێمە دەرگەی فەرمیمان بۆ هاتووچۆ و هاوئاهەنگی بۆ بەیەکەوەگرێدان لەگەڵ رۆژئاوای کوردستان هەیە، بەڵام ئەو چەکدارانە کاژێر 1ی شەو بەشێوەیەکی قاچاخ هەوڵیان دا لە ئاو بپەڕنەوە، کاتێک لەلایەن هێزەکانی زێرەڤانییەوە دەبینرێن، دوای ئەوەی دڵنیادەبنەوە کە ئەمانە خەڵکی سڤیل نین، ئەو خەڵکانە نین کە دەیانەوێت لەو رەوشەی لە رۆژئاوا هەیە دەرباز ببن و بەرەو هەرێمی کوردستان بێن. بەڵام کە دڵنیا دەبنەوە ئەوانە چەکدارن رێگرییان لێکراو داواشیان لێکرا بگەڕێنەوە".
بە گوتەی سەربەست لەزگین زۆر هەوڵ لەگەڵ ئەو هێزە دەدرێت بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە، کە ژمارەیان 8 کەس بووە، "سیانیان گەڕاونەتەوە، بەڵام پێنجیان هەوڵیاندا تاوەکو بێنە نێو هەرێمی کوردستان، پێشمەرگەش رێگەیان نەدا بەو شێوە ناشەرعی و ناڕەوایە بێنە ناو خاکی هەرێمی کوردستان لەو دەڤەرە، کە دەڤەرێکی زۆر هەستیارە، دەڤەری سحێلا و پێشابوور، کە ناوچەیەکی ناسراوە لە هەموو کوردستان".
لەبارەی چۆنێتی روودانی شەڕەکەش گوتی: "دوای چەند کاژێرێک دیارە هێزێکی یەپەگە لەنێو سووریا خۆیان رێکخست و لە کاژێر 4ی بەرەبەیان هێرشی سەر خاڵێکی پێشمەرگەیان کرد لەو دەڤەرە، هێرشێکی دڕندانە بە هەموو چەکێکی گران، بیکەیسی و 22 ملیم و دۆشکەو ئارپیجی، زیاتر لە کاژێر و نیوێکیش شەڕەکە بەردەوامبوو، پێشمەرگەکانی ئێمە لەو خاڵە ناچاربوون بەرگری لە خۆیان بکەن. ئەوانیش هەوڵیاندا دەستە بەسەر ئەو خاڵەدا بگرن و هێرشی بکەنە سەر، بەڵام لە ئەنجامدا نەیانتوانی بە ئامانجەکەیان بگەن و بە شکشسخواردن گەڕانەوە نێو سنووری سووریا".
سەربەست لەزگین بەناوی وەزارەتی پێشمەرگەوە سەرکۆنەی رووداوەکەی کردو گوتی "هەموو لایەک ئەوە دەزانن هێزەکانی یەپەگە لەژێر ئاراستە و راسپاردە و فەرمانی سەرکردایەتیی پەکەکە کار دەکات، کە بەداخەوە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی چەند ساڵێکە بەناوی شەڕی داعش هاوکاری سەربازییان پێشکێش دەکات و چەکیان پێدەدات".
هەروەها هەر بە بە ناوی وەزارەتی پێشمەگەوە داوای لە هێزەکانی هاوپەیمانان کرد لەسەر ئەو رووداوەی کە شەوی رابردوو روویداوە هەڵوێستی خۆیان رابگەیێنن و "بە تووندی شەرمەزاری بکەن". گوتیشی: "لە راستیشدا قبووڵ ناکرێت هێزەکانی یەپەگە لەناو سووریا بەو شێوازە هێرش بکاتە سەر هەرێمی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگە"
سەربەست لەزگین وردەکاریی ئەو هێزەی رووبەڕووی پێشمەرگە بوونەتەوە باس کرد و دەڵێت "ئەو هێزە لەناو سووریاوە هاتن، لەناو رۆژئاوای کوردستانەوە هاتن، کە زیاتر لە 50 بۆ 60 کەس دەبوون، بە ئامانجی ئەوەی زیانێکی زۆر لە هێزەکانی پێشمەرگە بدەن و دەست بەسەر ئەو خاڵەدا بگرن".
سەربەست لەزگین زیاتر لەبارەی کۆنترۆڵکردنی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان قسەی کرد و گوتی: "ئێمە رێگە نادەین هیچ قاچاخچییەک، هیچ چەکدارێک لەبەرچاوی ئێمە و لەژێر سێبەری حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆنترۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رێگەی ناڕەواو ناشەرعی بێتە نێو هەرێمی کوردستان، نە پەکەکە و نە غەیری پەکەکە و نە هەر هێزو رێکخستنێک کە لەژێر هەر ناونیشانێک خۆیان دەناسێنن".
بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە پێکدادانەکانی ئەو دواییەی سنووری ئامێدی و ئەوانەی پێشتر لە سنووری چەمانکێ و هەروەها رووداوەکەی شەڕی رابردوویشی بەستەوە بە "ئەنجامی ئەو زوڵم و زۆردارییەی لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە و بەردەوامە". دەشڵێت: "بە داخەوە هەندێک بەناو رێکخستنی کوردی بوونەتە دارەدەست و پەناگە بۆ ناحەزان و دوژمنانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ بوونەتە بەشێک لەو پلان و بەرنامەیەی کە دوژمنان و ناحەزان دەیانەوێت تێکدان و هەڵوەشانەوەی هەرێمی کوردستان ببینن، بەڵام ئەمە خەیاڵێکی خاوە بۆ ئەوان و دارودەستەکانیان".
لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا ئەوە دووەمجارە پێکدادانی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و چەکدارانی پەکەکە رووبدات. کاژێر 11:30 خولەکی شەوى یەکشەممە 13-12-2020 رووبەڕووبوونەوەیەک روویدا کاتێک ئۆتۆمبێلێکی پەکەکە لەنزیک گوندى گرگاشی سەر بە دەڤەرى بەرێگارى نزیک سەنتەرى قەزای ئامێدى ویستیان لە خاڵێکى پشکنینى پێشمەرگە تێپەڕن، لەوکاتەدا تەقە لەنێوان هێزى پێشمەرگە و گەریلاکانی پەکەکە دروستبوو و لە ئەنجامى ئەو شەڕە پێشمەرگەیەکى هێزى رۆژ بە پلەى ملازم ئەوەل گیانی لەدەست دا. بزووتنەوەی كۆمەڵگەی دیموكراتیك (تەڤدەم) لەبارەی رووداوەکەی ئامێدی راگەیێنراوێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێ: "لەوانەیە ئەو رووداوە ببێتە سەرەتای قۆناخی لەدەستدانی دەستکەوتەکان و داوا لەلایەنەکان دەکات ناکۆکییەکان لەرێگەی دیالۆگ چارەسەر بکەن". تەڤدەم لە ساڵی 2014 ـەوە ئیدارەیەكی لە رۆژئاوای كوردستان دامەزراندووە و یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) باڵی سەربازییەتی.
مەزڵووم کۆبانێ، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە لەبارەی شەڕی پەکەکە و پێشمەرگە لە ئامێدی رایگەیاند، "هێرشی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆسەر گەریلاکانی پەکەکە سەرکۆنە دەکەم و ئەوە دەبێتەهۆی لەدەستدانی دەستکەوتەکانی دۆزی گەلی کورد". بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەیدا وەڵامی دایەوە و گوتی: "بەداخەوە مەزڵوم عەبدی دەڵێت هێزەکانی پەدەکە هێرشیان کردووەتە سەر گەریلا، کە ئەمە پێچەوانەکەی راستە و دوورە لە راستییەوە، مەزڵوم عەبدی و هەڤاڵەکانی باش دەزانن کە ئەوان لە قسەکردن و لێدوان و بۆچوونەکانیان ئازاد نین، هەموو لێدوانێک و ئاراستەیەکیان لەلایەن مامۆستاکەیان لە قەندیلەوە دەردەچێت، ئەگەرنا هەموو خەڵکی کوردستان دەزانێت نەک تەنیا ئەو رووداوەی لە ئامێدی روویدا، بەڵکو هەموو رووداوەکانی دیکەش گەریلا و چەکدارانی پەکەکە هێرشیان کردووەتە سەر خاڵەکانی پێشمەرگە".