هۆکارەکانی پاشەکشێی بزووتنەوەی گۆڕان و داهاتووی بزووتنەوەکە

رووداو دیجیتاڵ

بزووتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق نەیتوانی هیچ کورسییەک بەدەستبهێنێت، ئەوەش بە "شکستێکی گەورە" لێکدرایەوە.
 
ئەمەش لای زۆرێک لە شرۆڤەکارانی سیاسی چاوەڕوانکراو بوو، بەڵام ئەوەی چاوەڕێی ئەو شکستەی نەدەکرد خودی بزووتنەوەکە بوو، ئەو شکستەش تا راددەیەکی زۆر لایەنگرانی بزووتنەوەکە و تەنانەت بەرپرسانی بزووتنەوەکەشی بێئومێدکرد. تەنانەت هەندێک کەس پێیانوایە گۆڕان بەو فۆرمەی ئێستای خەونی هەموو ئەو کەسانەشی لەناوبرد کە ئومێدی گۆڕانکاریان هەبوو، لەبەر ئەوەی گۆڕان لە سەرەتاوە وەک نمایندەیەکی ریفۆرمخواز دەناسراو ببوو بە رووکارێک بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە داواو ئومێدیان ریفۆرم بوو.
 
بەشێک لە ناڕازییەکانی گۆڕانیش شکستی بزووتنەوەکە بە تایبەت لە هەڵبژاردندا بۆ بەشداری لە حکومەت، گوێنەگرتنی گۆڕان لە گۆڕانخوازان، ماڵەی گۆڕان لەگەڵ موڵکەکانی بزووتنەوەکە، پەیکەری رێکخراوەیی گۆڕان و هاوپەیمانیێتیەکەشی لەگەڵ یەکێتی و چەند هۆکارێکی دەگەڕێننەوە.
 
رۆژی چوارشەممە 15-12-2021، لە دیبەیتێکی تایبەتی رووداو، لە بوولتەنی هەواڵەکانی کاژێر 10:00ی تۆڕی میدیایی روودا کە سنوور مەجید، لە ستۆدیۆکانی سلێمانییەوە پێشکەشی دەکات، باس لە ئاییندە و چارەنووس و شێوازی هەستانەوەی گۆڕان و دەستنیشانکردنی هۆکارەکانی شکستی بزووتنەوەکە بە بەشداری هەریەک لە زریان رۆژهەڵاتی، بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو، هۆشیار عومەر، رێکخەری ژووری پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی گۆڕان و مەجید ساڵح، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەرانی کۆمپانیای وشەو بزووتنەوەی گۆڕان تاوتوێ کرا.
 
هەر یەک لە بەشداربووانی دیبەتەکە، لە گۆشەنیگای خۆیانەوە خاڵە لاوازەکان و هۆکارەکانی شکستی بزووتنەوەکەیان روونکردنەوە.
 
زریان رۆژهەڵاتی، بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو هۆکارەکانی شکستی بزووتنەوەکە بۆ سێ فاکتەری سەرەکی دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت: " هەموو ئەو حیزبە سیاسییانەی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بە جۆرێک لە جۆرەکان پێیان دەگوترێت حیزبی گرێدراوی رابەر، کاتێک کە رابەر نامێنێت ئۆتۆماتیکی تووشی قەیرانێکی رێکخستنی و سیاسی و جەماوەری دەبنەوە. ئەمەش شتێک نییە کە تایبەت بێت بە بزووتنەوەی گۆڕان، لە زۆربەی ئەو حیزبانەی لەو مۆدێلە حیزبە بوون چارەنووسیان بەمە گەیشتووە".
 
بە بڕوای زریان رۆژهەڵاتی "بزووتنەوەی گۆڕان لە دوای کاک نەوشیروان نەیتوانی سەرکردایەتییەکی کار دروست بکات، ئەمە یەکێک لە کێشەکانی بوو، سەرکردایەتی هەبوو، سەرکردایەتییەکە توانی دەست بە پەیکەری حیزبەکەوە بگرێت و رێگەی لەوەگرت کە دابەشبوونێکی رێکخراوەیی وەکو حیزبەکانی دیکە دروست ببێت لەنێو ئەو بزووتنەوەیە لانی کەم تاوەکو ئێستا، رەنگە لە داهاتوودا دروست ببێت، بەڵام لانی کەم تاوەکو ئێستا بە فعلی دابەشبوونێکی گەورە دروست نەبووە. لە ئیدارەدانی حیزبەکە بۆ ماوەیەک سەرکەوتووبوو، بەڵام لە رووی دروستکردنی گوتارەوە بۆ رابەڕایەتیکردنی جەماوە سەرکەوتوو نەبوو".
 
بە گوتەی زریان رۆژهەڵاتی سێ تایپی لیدەر لەنێو بزووتنەوەی گۆڕاندا هەبووە، "لیدەر لە پشتی پەردە، ئەو لیدەرەی بە روواڵەت دیارە، لەگەڵ لیدەری ناڕازی. گوتاری سیاسی لەنێو ئەو سێ تایپی لیدەرە ونبوو. بۆ نموونە کاتێک سەیری هەڵمەتی هەڵبژاردنت دەکرد، گوتارێکی ئاراستەکراوت نەدەبینی لە بزووتنەوەی گۆڕانەوە کە بە دیاریکراوی زانراو بێت کە ئەم گوتارە هی چییە؟ کە لەگەڵ یەکێتیدا هاوپەیمانی کردبوو زیاتر گوتاردەر یان بانگەشەکاری لایەنی یەکێتی لە پێشەوەبوو ئەوەی گۆڕانیش لە پشتەوە وەستابوو، ئەم بۆخی جۆرە گرفتێک بوو لە پرسی گوتاردان و دروستکردنی گوتارێک بۆ جەماوەر، چونکە دواجار سیاسەت دروستکردنی گوتارە بۆ جەماوەر، کاتێک کە تۆ گوتارت دروست نەکرد و جەماوەرت بەبێ گوتار هێشتەوە، ئۆتۆماتیکی خەڵک لێت دوور دەکەوێتەوە".
 
خاڵی دووەم بە تێگەیشتنی بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو پەیوەندی بە جەماوەرەوە هەیە و دەڵێت: "لە دوو هەڵبژاردنی رابردوو رێژەی بەشداری نەکردنی خەڵک لە دەنگدان رێژەیەکی زۆر لەبەرچاوە، وادیارە زۆرێک لەوانەی کە دەنگیان نەداوە، لە تایپی ئەو جەماوەرانەن کە پێشتر جەماوەری بزووتنەوەی گۆڕان و حیزبە هاوشێوەکانی بوون".
 
زریان رۆژهەڵاتی بە پێویستی دەزانێت ئەوە لەبەر چاو بگیرێت کە بزووتنەوەی گۆڕان لەکاتی دروستبوونیدا گوتارەکەی ئاراستەی چینی ناوەڕاست بوو، "گۆڕان لە کاتێکدا گەشی کرد و سەری هەڵدا کە دۆخی ئابووری هەرێمی کوردستان  زۆر باشبوو، پارەیەکی زۆر و زەوەند هەبوو لە هەرێمی کوردستان، ئەو چینی ناوەڕاستە پیویستیەکی ئەوتۆی نەبوو بە لایەنەکانی دیکە بۆ ئەوەی بتوانێت خۆی بژیێنێت، بەڵام لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو ئەو چینی ناوەڕاستە تووشی قەیرانێکی دارایی، کەمیی مووچە، بارودۆخ و گوزەرانێکی خراپتر هات. لەبەر ئەوە سەیری کرد کە بە فعلی بزووتنەوەی گۆڕان توانایەکی ئەوتۆی نییە و ئەو چارەسەرەش یان لای پارتی یان یەکێتییە، بۆیە ئەو چینی ناوەڕاستە لە بزووتنەوەی گۆڕان تەکایەوە".
 
بە بڕوای  زریان رۆژهەڵاتی یەکێک لە هەڵە ستراتیژییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان ئەوە بووە کە لە سەرەتادا پۆپۆلیزمی بەشێوەیەکی بێ کۆنترۆڵ گەشە پێدا و دەڵێت: "بزووتنەوەی گۆڕان بوو بە قوربانی ئەو سیاسەتەی کە خۆی لە سەرەتادا دەستیپێکرد، ئەو لەسەرەتاوە بە پۆپۆلیزمێکی زۆر بەهێز دەستیپێکرد، دواجار پۆپۆلیزم لە قۆناخێکدا باشە، واتە بۆ قۆناخێک کە تۆ بەشێوەی کاتی دەنگ کۆ بکەیتەوە، بەڵام کە دەکەوێتە دانوستانی حکومداری و دەسەڵات و دەبێت بە بەشێک لە حکوم، ئیتر پۆپۆلیزم دەبێتە مەترسییەکی گەورە بۆسەر تۆ. پێموایە ئەمە یەکێک لە هەڵە ستراتیژییەکانی بزووتنەوەکەبوو کە کردی".
 
بە بڕوای هۆشیار عومەر، رێکخەری ژووری پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی گۆڕان هۆکارەکانی زۆرن کە هەندێکی تایبەتە بە گۆڕان و هەندێکیشی گشتییە و دەڵێت: "بزووتنەوەی گۆڕان کە لە ساڵی 2009 دامەزرا، 75٪ی خەڵک بەشداری هەڵبژاردنیان کرد، توانی ئەو نەریتە سیاسییە بگۆڕێت کە نزیکەی 60 ساڵ بوو هەبوو، نەریتی تووندوتیژی و ململانێ بۆ یەکلاکردنەوەی جیاوازییەکان، بگۆڕێت بۆ ئەوەی لە رێگەی پەرلەمانەوە دەتوانین گۆڕانکاری بکەین".
 
هۆشیار عومەر دەڵێت: "لە چەندین قۆناخدا لەبەر ئەوەی ئەو هەنگاوانە وەکو پێویست نەنرا، بە گشتی خەڵک پێیوایە هەڵبژاردن رەنگە ئەو ئامرازە نەبێت بتوانێت ئەو گۆڕانکاریەی کە پێویستە پێی بکات، ئێستا چ بۆ کوردستان و چ بۆ عێراق دەیبین خەڵک پەنا دەباتە بەر خۆپیشاندان".
 
لەبارەی هۆکارە نێوخۆییەکانی گۆڕانیش، هۆشیار عومەر پێیوایە "بەشێک لەو ململانێیەی لەنێوخۆی گۆڕاندا هەبووە کاریگەری هەبووە لەسەر ئەوەی کە ئەو ئەنجامەی کە نەیتوانی وەکو پێویست بەدەستی بهێنێت. بێگومان غیابی کاک نەوشیراونیش رۆڵێکی گەورەی هەبووە".
 
رێکخەری ژووری پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی گۆڕان پێیوایە دەتوانن هەنگاوی گەورە بنێن و دەڵێت: "ئێمە هەم گەشبینین هەم بە ئومێدین، دەتوانین هەنگاوی گەورە بنێین، رەنگە ئەمە وەکو زللـەیەکی رەحمیش سەیر بکەین. هەنگاوەکانی دیکەش بەو ئاراستەیەن کە بزووتنەوەی گۆڕان بەهێز ببێتەوەو گەشبینیشین دەتوانین ئەو هەنگاوە بنێین، چونکە دواجار ئەو متامەنەیەی خەڵک بە پرۆسەی سیاسی نەماوە لە کوردستان مەترسییەکە بۆسەر هەمووان، پێویستە چارەسەری بکەین".
 
مەجید ساڵح، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەرانی کۆمپانیای وشە و بزووتنەوەی گۆڕان، هۆکاری پاشەکشەی بزووتنەوەکەی بۆ دوو فاکتەری نێوخۆیی و دەرەکی گەڕاندەوە و لەبارەی فاکتەرە نێوخۆییەکە دەڵێت: " لە رۆژی کۆچی دوایی رەوانشاد کاک نەوشیروان مستەفاوە دەستپێدەکات، کاتێک ئێمە نەمانتوانی هاوسەنگییەک لەنێوانی کۆمپانیای وشە و بزووتنەوەی گۆڕان دروست بکەین".
 
بە بڕوای  مەجید ساڵح نەبوونی ئەو هاوسەنگییە "کارێکی کرد کە خەڵک رەخنەی هەبێت لە ئەدائەکەی، چی لەسەر موڵک و ماڵ، چی لەسەر پرسی گوتار و ئەو تێکەڵ و پێکەڵییەی کە لەنێوانی هەردوولا هەبوو. کارێکی وایکرد کە بەشێکی زۆر لە هەڵسوڕاوە بنچینەییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان ناڕازیبن لەو شێوازی ئەدائە".
 
خاڵێکی دیکەی گرنگی نێوخۆیی، بە بۆچوونی مەجید ساڵح پرسی بڕیاردان بووە لەنێو بزووتنەوەکە و دەڵێت: "بڕیاردان لەناو بزووتنەوەی گۆڕان دوای کۆچی دوایی کاک نەوشیروان تووشی جۆرێک لە ئیفلیجی هاتبوو، زۆرجار بڕیارەکان لە کاتی خۆیاندا دوادەکەوتن و نەدەدران، کە بڕیارەکانیش دەدران کۆدەنگییەکی گشتی لەسەر نەبوو. ئەمانەش کاریگەری هەبوو لەسەر ئەوەی بزووتنەوەی گۆڕان لەناو هەڵسوڕاوە دیارەکانی و پێکهێنەرە راستەقینەکانی بزووتنەوەی گۆڕان لەنێو خەڵکدا، جۆرێک لە لاواز دەرکەوێت".
 
ئەندامەکەی دەستەی دامەزرێنەرانی کۆمپانیای وشە و بزووتنەوەی گۆڕان پێشیوایە بزووتنەوەی گۆڕان قەیرانی سەرکردەی هەبووە و دەڵێت: "هەر لە دوای مردنی رەوانشاد کاک نەوشیروان مستەفا لە قەیرانی بوونی سەرکردە دایە. ئەو سەرکردانەی کە هەبوون لەنێو بزووتنەوەی گۆڕان، بەشێکیان بەرپرسیاریێتییەکەیان نەگرتە ئەستۆ و چوونە دەرەوە، هەندێکیان گوێیان لێنەگیرا، هەندێکی دیکەشیان بۆخۆی ماندوو ببوو".
 
لەبارەی فاکتەرە دەرەکییەکانیش، مەجید ساڵح دەڵێت: " لە رۆژی دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕانەوە، یەکێتی و پارتی بە دیاریکراوی و هەندێک دەوڵەتی ئیقلیمی بە دیاریکراوی کاریان لەسەر بچووککردنەوەو لێدان و کەمکردنەوەو رۆڵ و کاریگەری بزووتنەوەی گۆڕان کردووە، ئەویش بە لەمپەر دانان. ئەو لەمپەردانانەش هەندێکجار گەیشتووەتە ئاستی تەقەکردن و هێرشکردنە سەر بزووتنەوەی گۆڕان و داخستنی کەناڵەکەی و کوشتنی هەڵسوڕاوەکانیشی. هەندێکجار گەیشتووەتە راددەی ساختەکردنێکی یەکجار گەورە وەکو ئەوەی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانیدا روویداو دەوڵەتی ئیقلیمی دەستوەردانی کرد لەو بابەتە. هەندێکجاریش کەوتووەتە سەر فرت و فێڵ، کاتێک کە بەرنامەیەک لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان دادەنێن بۆ چوونە ناو حکومەت، کە بزووتنەوەی گۆڕان دەچێتە ناو حکومەتەکە، دیسان دێن فێڵ دەکەن نایەڵن بزووتنەوەی گۆڕان ئەو بەرنامەیە جێبەجێ بکات کە لەسەری چووەتە ناو حکومەت".