رۆژی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان بەرز رادەگیرێت

رووداو دیجیتاڵ

17ی 12ی هەموو ساڵێک کە وەک رۆژی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە دەستنیشانکراوە، ئەو رۆژە بەرز رادەگیرێت، ساڵانە لە دامودەزگا و دامەزراوەکانی حکومەت یادی ئەو رۆژە دەکرێتەوە و ئاڵای کوردستان بەرز دەکرێتەوە.
 
بەهۆی ئەوەی ئەمساڵ 17ی 12 دەکەوێتە رۆژی هەینی، ئەمڕۆ پێنجشەممە 16-12-2021، لە سەرجەم قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان رۆژی هەڵکردنی ئاڵا بەرز رادەگیرێت و ئاڵا لە گۆڕەپانی قوتابخانەکان بەرزدەکرێتەوە، هاوکات لە بەشێک لە قوتابخانەکانیش چالاکی جۆراروجۆر بەو بۆنەیەوە بەڕێوەدەچێت.
 
هەردی محەممەد، پەیامنێری رووداو لە کەرکووک دەڵێت، لە قوتابخانەکانی شاری کەرکووک لە ساڵانی رابردوو لە رۆژی هەڵکردنی ئاڵا لە چەندین قوتابخانە ئەو یادە دەکرایەوە، بەڵام ئەمساڵ بە گوتەی بەرپرسانی پەروەردەیی لە خوێندنی کوردی ئەو شارە، هیچ رێوڕەسمێک لەنێو قوتابخانەکان بەڕێوەناچێت، بیانووەکەشیان ئەوەیە رۆژی هەڵکردنی ئاڵا کە 17ی مانگە دەکەوێتە رۆژی هەینی.
 
ماوەی 4 ساڵە لەدوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017 ئاڵای کوردستان لە کەرکووک وەکو کەرەستەیەکی قەدەخەکراو مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.
 
 
لە رۆژی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان ساڵانە دەیان چالاکی بەڕێوەدەچن، لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەڵکردنی ئاڵای کوردستان سزای بەندکرانی لەسەرە، لە باکوور و رۆژئاوای کوردستانیش پارت و رێکخراوەکان بەشێوەی نافەرمی رۆژی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان بەرز رادەگرن.

 

شاخەوان عەبدوڵڵا، هەفتەی داهاتوو ئاڵای کوردستان لە کەرکووک هەڵدەکەین
 
هەفتەی داهاتوو ئاڵای کوردستان لە کەرکووک هەڵدەکرێت و بۆنەیەکی تایبەتیش سازدەکرێت، بەربژێرێکی سەرکەوتووی پارتیش لە کەرکووک دەڵێت، هیچ بڕیارێکی قەدەخەکردنی یادکردنەوەی رۆژی ئاڵا نییە، بەپێی یاسا دەبێت ئاڵای کوردستان لەسەر فەرمانگە حکومیەکانی کەرکووک هەڵبکرێت.
 
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 16-12-2021، شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەندامی لیژنەی ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک و بەربژێری سەرکەوتووی پارتی لەو شارە لە میانی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی هەواڵەکانی کاژێر10:00ی تۆڕی میدیایی رووداو کە سنوور مەجید لە ستۆدیۆکانی سلێمانییەوە پێشکەشی دەکات، رایگەیاند: "ئێمە لە سەرەتا یان ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو رۆژێک دەستنیشان دەکەین و بۆنەیەکی تایبەتیش بۆ ئەو خەڵکانەی کە لە پێناو ئاڵادا لەو شارە ئەزیەتیان کێشاوە سازدەکەین، ئاڵا بەرز رادەگرین و ئەو یادەش بە بەرزی دەهێڵینەوە".
 
 
شاخەوان عەبدوڵڵا دەشڵێت: "ئاڵای کوردستان ئاڵایەکی فەرمییە، پێم سەیرە هەندێک حیزب لەنێو کەرکووکدا تاوەکو ئێستا ئاڵای کوردستانیان لەسەر بارەگاکانیان هەڵنەکردووە، ئەمڕۆ لە کەرکووک کۆمەڵێک ئاڵا هەن کە هی وڵاتانی ئیقلیمین، ناکرێت ئاڵای کوردستان کە ئاڵایەکی فەرمییە رێگری لێبکرێت".
 
بە گوتەی شاخەوان عەبدوڵڵا، لە ماوەی رابردوودا حیزبی شیوعی کوردستان یەکدووجار هەوڵیدا کە ئاڵای کوردستان بەرزبکاتەوە، بەڵام لەلایەن هێزێکەوە رێگریان لێکرا، حیزب و لایەنە سیاسییەکانیش یەکدەنگ و یەکهەڵوێست نەبوون بۆ پشتگیریکردنیان، هەر پێشێلکارییەک بەرامبەر بە ئاڵای کوردستان بکرێت قبووڵی ناکەن و لێی بێدەنگ نابن، بە هیچ شێوەیەکیش لێناگەڕێن هیچ دەستێک یان هێزێکی شۆڤێنی یان کەسێک لە لایەن و نەتەوەیەکی دیکە رێگربێت لەبەردەم ئاڵای کوردستان.
 
بەربژێرە سەرکەوتووەکەی پارتی لە کەرکووک گوتی، ئەوان هەر لەگەڵ گەڕانەوەیان بۆ کەرکووک مانگێکە ئاڵایان هەڵکردووە، گوتیشی: "ئاڵای کوردستان لەسەر بارەگای ئێمە دەشەکێتەوە. پارتی دیموکراتی کوردستان لە دوای گەڕانەوەی بۆ ناوچەکانی سەرگەڕان و مەخموور ئاڵای کوردستانی هەڵکردووە، لە گەڕانەوەشمان بۆ کەرکووک بەمنزیکانە لە سەرجەم بارەگاکانمان لەناو کەرکووک ئاڵای کوردستان هەڵدەکەین".

 

 
شاخەوان عەبدوڵڵا ئاماژە بەوە دەدات بەپێی یاسا دەبێت ئاڵای کوردستان لەسەر فەرمانگە حکومیەکان هەڵبکرێت و دەشڵێت: "بەپێی بڕیارێکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە تاوەکو ئێستا هەڵنەوەشاوەتەوە، فەرمانگە حکومیەکان بەپێی یاسا دەبێت ئاڵای کوردستانیش بەرزبکەنەوە، بەڵام ئێستا شارەکە لە دۆخێکی تایبەتدایە".
 
بەگوتەی شاخەوان عەبدوڵڵا کەرکووک، بەغدا و باشووری عێراق نییە. کەرکووک ناوچەیەکی کوردستانییە، بەپێی ماددەی 140ی دەستوور ناوچەیەکی کێشە لەسەرە، تاوەکو ئەوکاتەی کێشەکان یەکلایی دەبنەوە پێویستە لە تەواوی بۆنەکان ئاڵای کوردستانیش هەڵبکرێت، دەزگا ئەمنییەکانی هەردوولا بەشداردەبن لە پاراستنی ئەو شارە، هیچ لایەنێکیش ناتوانێت ئیرادەی خۆی بەسەر لایەنی دیکەدا بسەپێنێت.
 
مێژووی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان بۆ نزیکەی 75 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە. لە رۆژی 22-1-1946 و لە رێوڕەسمی راگەیاندنی كۆماری كوردستان لە رۆژهەڵاتی كوردستان لە گۆڕەپانی چوارچرای شاری مەهاباد بۆ یەكەمجار بەفەرمی ئاڵای کوردستان هەڵدراو بوو بە رەمزی كۆماری كوردستان.
 
 
دوای كەمتر لە 11 مانگ و بەپیلانێكی دوژمنانی كورد، كۆماری كوردستان شكستی هێنا و لە رۆژی 17-12-1946 بەمەبەستی پاراستنی ئاڵاكە لەدەستی دوژمنان تاوەكو سووكایەتی پێنەكەن، ئاڵاكەیان داگرتوو پێشەوا قازی محەمەد ئاڵای كوردستانی بە ئەمانەت رادەستی بارزانیی نەمر كرد.
 
بۆ بەفەرمی ناساندنی ئەم رۆژە پەرلەمانی کوردستان بە بریاری ژمارە (48) له رێککەوتی (19-06-2004) رۆژی 17ی 12ی هەموو ساڵێکی وەک رۆژی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و هاوکات رۆژی دایک لە کوردستان دیاریکرد. لە ساڵی 1999 بە بڕیارێک لە پەرلەمانی كوردستان ئەو ئاڵایە بەئاڵای فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستانی ناساند.