نێچیرڤان بارزانی و پلاسخارت: هەولێر و بەغدا دەبێت بەپێی دەستوور کێشەکان چارەسەر بکەن

 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان و نوێنه‌رى تایبه‌تیی سكرتێرى گشتيى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق کۆبوونەوە و باسیان لە گرنگی سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کرد و لەبارەی کێشەکانی هەولێر و بەغدا جەختیان کردەوە کە دەبێت بەپێی دەستوور چارەسەر بکرێن. 
 
رۆژی شەممە، 16-12-2023، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جينين پلاسخارت نوێنه‌رى تایبه‌تیی سكرتێرى گشتيى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق کرد. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، دۆخى سياسى و ئه‌منى و هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاكانى عێراق و په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدايان تاوتوێ كرد.
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەردوولا بە ئەرێنییەوە رۆڵى محەممه‌د شياع سوودانى، سه‌رۆكوه‌زيرانى عێراقيان هه‌ڵسه‌نگاند و هيوايان خواست له‌ قۆناخى داهاتوودا بره‌وى زياتر به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى حكومه‌تى فيدراڵ و حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بدرێت. 
 
هەروەها گوتیشی، کیشەکانی نێوانیان دەبێت به‌ لێكگه‌يشتن و له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور، نێوانيان چاره‌سه‌ر بكرێن. 
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە هەردوولا جەختیان کردەوە کە پرۆسەی هەڵبژاردن لە نێوچەکانی مادەی 140 پێویستە لە کەشێکی ئارامدا تێپەڕێت. 
 
"دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى ئاڵۆزى رۆژهه‌ڵاتى نێوه‌ڕاست و لێكه‌وته‌كانى، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو." ئەمە بەگوێرەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان.