عەلی حەمە ساڵح: پێنج قومارخانە لە سلێمانی کراونەتەوە
رووداو- سلێمانی
پەرلەمانتارێکی بزووتنەوەی گۆڕان داواکاری گشتی سلێمانی ئاگادار دەکاتەوە لە بوونی چەند قومارخانەیەک لەو شارە و دەڵێت: "95% -ی ئەو هاونیشتمانیانەی چوونەتە ئەو قومارخانانە دۆڕاون".
عەلی حەمە ساڵح، پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان لە نووسراوێکدا بۆ داواکاری گشتی سلێمانی دەڵێت: "دوای بەدواداچوون، دەرکەوت لە شاری سلێمانیدا پێنج قومارخانە هەن، هیچ دامەزراوەیەکی فەرمی سنووری سلێمانی کە پارێزگا و گەشتوگوزار و قائیمقامیەتە، مۆڵەتی پێنەداون، لە هیچ کام لە وەزارەتەکانی ناوخۆ و شارەوانی و گەشتوگوزار مۆڵەتیان نییە".
ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان هەبوونی ئەو قومارخانانە بەبێ مۆڵەت جگە لەوەی بە تاوانی دادەنێت دەڵێت: "زیانێکی زۆری بە هاووڵاتیان گەیاندووە و دەیان خێزانی هەڵوەشاندووەتەوە، سرووشتی کاری ئەم رۆلێت و جیهازانە بەشێوەیەکە کە 95% -ی ئەو هاونیشتمانیانەی کە رۆیشتوون بۆ ئەم قومارخانانە دۆڕاون".
عەلی حەمە ساڵح پێیوایە چەند بەرپرسێکی حیزبی لە پشت ئەو قومارخانانەوەن و دەڵێت: "بەپێی بەدواداچوونەکان، خاوەندارییەتی ئەم قومارخانانە بۆ چەند بەرپرس و دامەزراوەی حیزبی دەگەڕێتەوە یا خود بەرپرس و دامەزراوە حیزبییەکان هاوبەشن تێیدا".
پەرلەمانتارەکەی گۆڕان داوا لە داواکاری گشتی سلێمانی دەکات رێگە چارەی یاسایی بگرنە بەر و ئامادەیی خۆیشی دەردەبڕێت بۆ پێدانی زانیاری تەواو لەسەر ئەو قومارخانانە.
داڕشتنەوە؛ عومەر شایان