سیروان بابان: سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ ئامادەنەبوو فۆرمی رەتکردنەوەی خانەنشینی واژۆبکات
رووداو-هەولێر
ئەندامێکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ بەڵگەنامەیەک بڵاودەکاتەوە کە تێیدا فۆرمی رەتکردنەوەی خانەنشینی واژۆکردووە بەڵام تەنیا واژۆی ئەوی لەسەرە و دەڵێت، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ واژۆی نەکرد.
سیروان بابان، ئەندامی فراکسیۆنی نەوەی نوێ بەڵگەنامەیەکی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو ناردووە کە بەڵێننامەیەکی خستووەتە بەردەم کازم فارووق سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ بۆ ئەوەی دوای تەواوبوونی ئەم خولەی پەرلەمان، خانەنشینی رەتبکەنەوە.
سیروان بابان دەڵێت: "سێ رۆژ پێش دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای چاکسازی ئەم فۆرمەم ئامادەکرد و پێش کۆنگرەی رۆژنامەڤانی فراکسیۆنی نەوەی نوێ ئەم فۆرمە و داواکارییەکەم خستە بەردەم بەرێز سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ رێزدار د کازم فارووق. بەداخەوە ئامادە نەبوو لەگەڵما ئیمزای بکەن".
دوای زیاتر لە 70 کاژێر کۆبوونەوە و پەسندکردنی ماددە بە ماددەی پرۆژەیاسای چاکسازی، رۆژی پێنجشەممە پەرلەمانی کوردستان تێکڕای پرۆژەیاسای چاکسازیی بەدەنگی 89 پەرلەمانتار پەسندکرد. فراکسیۆنی پارتی و یەکێتی ( جگە لە پەرلەمانتارێکیان) و فراکسیۆنی گۆڕان دەنگیان بە پرۆژەیاساکە دا.
فراکسیۆنی نەوەی نوێ دەنگیان بە پرۆژەیاساکە نەدا و کۆبوونەوەکەیان جێهێشت، تەنیا شادی نەوزاد دەنگی دا و دواتر لەسەر دەنگدانی بە پرۆژەیاسای چاکسازی و دەرماڵە و ئیمتیازاتەکان، جووڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، شادی نەوزادی لە فراکسیۆنەکەی دەرکردووە.
هەرچەندە دواتر شادی نەوزاد بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "نەوەی نوێ ناتوانێ من دەربکات لەبەر ئەوەی رۆژی رابردوو جیابوونەوەی خۆم لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ بە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان راگەیاندووە".
لەدوای ئەوەی سیروان بابان ئەو فۆرمەی بڵاوکردەوە کاوە عبدالقادر، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە فەیسبووکی خۆی نووسیویەتی: "لەسەرەتای ئەم ھەفتەیە من و ھاوپیشەکانم لەفراکسیۆنی نەوەی نوێ فۆرمی رەتکردنەوەی خانەنشینی پەرلەمانتاری پڕدەکەینەوەو بۆ رای گشتی بڵاوی دەکەینەوە، وەک چۆن لەبەرچاوی ھەموو خەڵکی کوردستان خاوەن بەڵێنی خۆمان بوین و لەناو ھۆڵی پەرلەمان دژی خانەنشینی پلە باڵاکان وەستاینەوەو داوامانکرد ھەڵبوەشێتەوە.