قایمقامی هەولێر: لیژنەکانمان راسپاردووە بۆ کۆنترۆڵکردنی نرخەکان لە بازاڕ


رووداو دیجیتاڵ 

قایمقامی هەولێر رایگەیاند، بۆ کۆنترۆڵکردنی بازاڕ و رێگریکردن لە گرانکردنی خۆراک و کاڵا، لیژنەکانی قایمقامییەتیان ئاگادرکردووەتەوە کە چاودێری زیاتری بازاڕ بکەن. قایمقامی کەلاریش دەڵێت: رێگە نادەین بازرگانەکان دابەزینی بەهای دینار بقۆزنەوە بۆ گرانکردنی کاڵا.
 
ئەمرۆ سێشەممە 17-1-2023، نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر بە رووداوی راگەیاند: "دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دروستکردووە، نرخی شتومەک بە شێوەیەکی سنووردار گۆڕانی بەسەر هاتووە، ئەوەش تا رادەیەک ئاساییە، چونکە کاسبکارانیش کاڵا و شتومەکەکانیان گرانتر لە پێشووتر دەگاتە دەست، بەڵام نابێت بگاتە رادەی قۆستنەوە." 
 
نەبەز عەبدولحەمید گوتی، لیژنەکانیان ئاگادارکراونەتەوە کە بەردەوام چاودێربن بەسەر کاسبکار و بازرگانەکانەوە بۆ ئەوەی دۆخەکە نەقۆزرێتەوە. 
 
هاوکات شەهاب ئەحمەد، قایمقامی کەلار رایگەیاند: بەرزبوونەوەی دۆلار بەرامبەر دینار بارودۆخەکەی ناجێگیرکردووە. راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر نرخی کاڵا و شتومەک هەیە، بۆیە سبەی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانیی گەرمیان و سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی گەرمیان کۆدەبینەوە بۆ گەشتن بە چارەسەرێک لە کۆنترۆڵکردنی بازاڕ بۆ ئەوەی بەشێک لە بازرگان و فرۆشیاران دۆخەکە نەقۆزنەوە. 
 
رۆژی سێشەممە 17-01-2023، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەشازی بە رووداوی راگەیاند، "دڵنیایی دەدەینە هاووڵاتییان بەوەی کاڵایەکی خۆراکی زۆر لە هەرێمی کوردستاندا هەیە." 
 
وەک نەوزاد شێخ کامیل دەڵێت: "بەشەخۆراکی دوو مانگی هاووڵاتییان لەلایەن وەزارەتی بازرگانیی عێراقەوە رەوانەکراوە و لەم چەند رۆژەی داهاتوودا بەشەخۆراکی یەکەم مانگی ئەمساڵ بەسەر هاووڵاتییاندا دابەشدەکەین، بۆیە مەترسییەکی ئەوتۆ لە بەرزبوونەوەی نرخی خۆراکە سەرەکییەکان نییە."