عەبادی لە کۆنفرانسی میونشن ستایشی سوپای عێراق و پێشمەرگەی کرد
رووداو - میونشن
حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە دووەمین رۆژی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن گوتارێکی پێشکەشکرد و ستایشی سوپای عێراق و پێشمەرگەی کرد. بە جەختکردنەوەش لە بژاردەی گفتوگۆ بۆ چارەسەرکردنی کێشە نێوخۆییەکان، عەبادی گوتی: "کۆمەڵێک تەحەدامان لەپێشن دەبێت بەسەریاندا زاڵبین، دەبێت بەرگری لە دەستکەوتەکانیش بکەین".
عەبادی لە سەرەتای گوتارەکەیدا رایگەیاند: "توانیمان گەلی عێراق بە پێکهاتە جۆراوجۆرەکانیانەوە یەکبخەین، رۆڵەکانی عەرەب و کورد و سوننە و شیعە و مەسیحی و ئێزدی و پێکهاتەکانی دیکەی عێراق بەیەکەوە جەنگان و عێراقیان لە لێواری دابەشبوون دەرهێنا. هاوکات بۆ بەرژەوەندی هاووڵاتیان توانیمان دەسەڵاتی فیدراڵی لە سەرجەم خاکی عێراق بڵاوبکەینەوە بەپێی ئەو دەسەڵاتانەی لە دەستووردا ئاماژەیان پێکراوە. یەکگرتوویی گەل و وڵاتمان بووە دەستکەوتێکی هاوتەریب لەگەڵ سەرکەوتن بەسەر داعش و تیرۆری داعش".
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە گوتارەکەیدا ستایشی سوپا و پێشمەرگەی کرد و گوتی: "سوپای عێراق و پێشمەرگەی کورد بۆ یەکەمجار لە مێژووی عێراق شانبەشانی یەک جەنگان، کە لەماوەی رابردوودا ئەو دوو هێزە شەڕی یەکدییان دەکرد لە سەردەمی دیکتاتۆرییەت".
هەروەها گوتیشی: "عێراقییەکان خوێنێکی زۆریان بەخشی و ئەوان بوون لەسەر خاک شەڕیان کرد و ئازایەتی خۆیان سەلماند. ئێمەش منەتباری ئەو سەرکەوتنەین لە سایەی قوربانیدانی ئەو پاڵاوانانەی پێشکەشی عێراقیان کرد، جا چ لە هێزە ئەمنییەکان بێت یان لەو خۆبەخشانەی بەدەنگ فتوای مەرجەعییەتی ئایینییەوە هاتن بۆ بەرگریکردن لە عێراق. عێراق گەورەترین هەڵمەتی خۆبەخشی لەسەر داوای مەرجعییەتی بەڕێز سیستانی بەخۆیەوە بینی".
عەبادی باسی لەوە کرد کە سیاسەتی دەرەوەی عێراق سەرکەوتوو بووە لە راکێشانی پشتگیری و پاڵپشتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و بەدیهاتنی سەقامگیری و ئاسایش. گوتیشی: "ئێمە بەردەوامین لە بەهێزکردنی ئەو پەیوەندییانە لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی دەروبەرمان و هەرێمایەتییەکان، لەسەر بنەمای رێزگرتن لە سەروەری نیشتمان و ئاڵۆگۆڕی بەرژەوەندی و دەستوەرنەدان لە کاروباری نێوخۆ، لەگەڵ پاراستنی سەربەخۆیی بڕیاری نیشتمانی کە لەسەر گەرەنتیکردنی بەرژەوەندی گەلەکەمان و وڵاتەکەمان و پاراستنی مافەکانی و سامانەکەی و ئازادییەکەی بنیاتنراوە، لە چوارچێوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت و سیستەمی دیموکراتی فرەیی".
سەرۆکوەزیرانی عێراق هۆشداری لەوە دا کە ئێستاش رێکخراوی داعش لە سنوورەکانی عێراق نزیکە، بەتایبەت لە دیوی سووریا و گوتی: "داوای یەکێتیی وڵاتانی جیهان و یەکخستنی تواناکانیان دەکەین دژی تیرۆر و نەهێشتنی شانە نووستووەکانیان، ئەمانە دووژمنی هاوبەشن بۆ وڵاتەکانمان و مرۆڤایەتی بەگشتی. ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە زۆر ترسناکە. دوای ئەوەی هەبوونیمان لەڕووی سەربازییەوە لە عێراق سڕییەوە، رێگەشمان پێنەدان لە یەک بستی خاکی عێراق دەسەڵاتیان هەبێت، لەسەرمان پێویستە سەرجەم شانە نووستووەکانیان لێرە و لەوێ و لە وڵاتانی دیکە نەهێڵین. هەروەکو 3 ساڵ پێش ئێستا پێمگوتن لە سەرجەم عێراق کۆتایی بە داعش دەهێنین، هەر لێرە جەخت لەسەر ئەوە دەکەمەوە کە فیکری تیرۆیستی نوێنەرایەتی ئایینی ئیسلام ناکات، بەڵکو ئەوان موسڵمانیان لە سەرجەم وڵاتانی ناوچەکە زۆر زیاتر لە نا موسڵمانەکان کوشت".
عەبادی باسی لەوەش کرد کە بە نیگەرانییەوە دەڕواننە کێشەکانی ناوچەکە بەتایبەت ترسیان لە گەشەکردنی تیرۆر هەیە. لەبارەی چارەسەرکردنی کێشە نێوخۆییەکانیش جەختی لە گفتوگۆ کردەوە. گوتیشی: "کۆمەڵێک تەحەدامان لەپێشن دەبێت بەسەریاندا زاڵبین، دەبێت بەرگری لە دەستکەوتەکانیش بکەین".
داڕشتنەوە: دەرباز ساڵح