شەمێران قادر: ئامادەم هەر کات پێویست بێت، بەشێکی جگەرم ببەخشم

رووداو - زەڕایەن

شەمێران قادر خەڵکی زەڕایەنە و بۆ بەخشینی بەشێک لە جگەری بە ئاڵا میقداد هاتە هەولێر، سەرجەم پشکنینەکانی کرد و ئامادەبوو نەشتەرگەرییەکە ئەنجامبدات، بەڵام پزیشکەکان نەشتەرگەرییەکەیان راگرت چونکە تەندروستی ئاڵا بەرەو باشتر چووە و پێدەچێ پێویستی بە جگەری کەس نەبێت.

شەمێران پیشەی پۆلیسە، دوای ئەوەی لە رووداو گوێی لە چیرۆکی ئاڵا بووە، بڕیاریداوە سەردانی ھەولێر بکات و بەشێک لە جگەری خۆی پێببەخشێت.

هەڵوێستەکەی شەمێران قادر بووە جێگەی دەستخۆشی، خەڵکی شارەکە لەکاتی گەڕانەوەی بۆ زەڕایەن هاتنە سەر شەقام و پێشوازییان لێکرد.

محەممەد عەلی دەڵێت "بەناوی خەڵكی زەڕایەنەوە زۆر زۆر دەستخۆشی لە برای بەڕێزمان كاك شەمێران دەكەین، لەبەرئەوەی مرۆڤێكی خۆشەویستە لەناوماندا، خزم و دۆستی ھەمووشمانە، ھەموو كاتێك ھاوكاریی خەڵكی كردووە، ھاوكاری ھەموو كەسێكی ھەژار بووە، بەو ھەژارییەی خۆیەوە كە خاوەنی دوو ھاوژین و منداڵیشە، كرێچییە، ئامادەبوو بەبێ بەرامبەر ھاوكاریی ئەو ئافرەتە بكات و ژیانی لە مردن رزگاربكات".

شەمێران دوو ھاوژین و سێ منداڵی هەیە، ئەوان پشتیوانی بوون بۆ ئەوەی جگەری بە ئاڵا ببەخشێت.

دیلان سەباح، ھاوژینی شەمێران دەڵێت "ئێمە زۆر دڵخۆشبووین كە ھاوژینەكەمان ویستی بەشێك لە جەستەی خۆی ببەخشێت بەو خاتوونە، كە سوپاس بۆ خودا پێویستیشی پێی نەبوو. ئێمە تاوەکو مردن پشتگیریی ھاوسەرەكەمان دەكەین، ئەگەر ھەر كاتێكیش خوانەخواستە بیەوێت بەشێك لە جەستەی خۆی بداتێ، ئێمە زیاتر پشتگیریی دەكەین".

نیھایەت عەبدولڕەحمان، ھاوژینی شەمێران دەڵێت "چەند جاری دیكەش ھاوكاریی چەند كەسێكی دیكەی كردووە بە خوێنبەخشین، لە ژیانی خۆشیدا ھەركاتێك ھەر كەسێك پێویستیی بە ھاوكاریی بووبێت بەگوێرەی توانای خۆی ھاوكاریی كردووە. پشتگیریی دەكەین ئەوە كارێكی زۆر گەورە بوو كە ئەو كردی، ئەگەر پێویستییش بكات بۆ ئاڵا خان، ئێمە ئامادەین خۆشمان بچین لەگەڵیدا".

شەمێران قادر دەڵێت "خۆشبەختانە من خوێنەكەم بۆی گونجا، دڵخۆشییەكی زۆر زۆرم بینی بە دایكی كچەكەوە، ئەو كاتەی كە بانگەوازەكەیان كرد، دایكیم بینی زۆر دڵتەنگ بوو، دواتر كە پشكنینەكان دەرچوون و بینیم كە پێكەنی، وام زانی ھەموو دنیا ھیی منە، وتم لەبەر دڵخۆشیی ئەو دایكە ئامادەم ھەموو شتێك بكەم".

دوای ئەوەی تەندرووستی ئاڵا بەرەو باشتر دەڕوات و ھۆشی دێتەوە، پزیشکەکان بڕیاری چاوەڕوانی دەدەن، بۆیە شەمێرانیش گەڕایەوە ناو خێزان و کەسوکاری و بڕیاردەدات لێرەوە چاوەڕوان بێت تاوەکو بزانێت تەندروستی ئاڵا بە چی دەگات.