دەم پارتی: پەیامی ئۆجەلان گەیشتە قەندیل و هەسەدە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی دەم پارتی رایگەیاند شاندەکەیان لەپێناوی پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبوونەتەوە. هاوکات، دەڵێت، پەیامی ئۆجەلان گەیشتووەتە هەسەدە، کەجەکە و پەکەکە لە ئەورووپا.
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی رۆژی دووشەممە 17-2-2025 باسی ئەو شاندەی پارتەکەیانی کرد کە لە هەرێمی کوردستانن.
گوتەبێژی دەم پارتی گوتی:" پەرلەمانتارانی ئێمە لە هەولێرن، بۆ پرۆسەیەکی ئاشتی چوونەتە دیداری بەڕێز بارزانی و بەرێز نێچیرڤان بارزانی، بۆ چارەسەریی پرسی کورد بە شێوەیەکی دیموکراسیانە. ئەمە زۆر مەزنە ئەگەر بتوانین کێشەی کورد لە تورکیا چارەسەر بکەین و دەستکەوتەکانی کورد بپارێزین. ئەمە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش زۆر گرنگە".
گوتەبێژی دەم پارتی ئاماژەی بەوەدا پرسی کورد تەنیا تایبەت نییە بە تورکیا، بەڵکو پرسێکی هەرێمی و نێودەوڵەتییە. گوتیشی:"رێککەوتنی ناوخۆیی بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد زۆر گرنگە و ئێمە بە بناخەیەکی زۆر گرنگ دەیبینین. ئێمە بەو دیدارە زۆر دڵخۆشین".
سەبارەت بە نامەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە میدیاکانەوە باسدەکرێت، گوتەبێژی دەم پارتی گوتی:"نامەیەک بۆ بەرپرسانی کەجەکە لە قەندیل، نامەیەکیش گەیێندراوەتە هەسەدە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، نامەیەکیش گەیێندراوەتە ئەورووپا و بە کەجەدەکە-ئە و کەنەکە دراوە".
گوتەبێژی دەم پارتی هەروەها جەختیکردەوە کە جگە لەوە شاندە، هیچ تەماسێکی دیکەیان لەگەڵ ئۆجەلان نییە.