لە شەڕێکدا لە پارێزگای رووهای باکووری کوردستان 10 کەس بریندار بوون

 
رووداو دیجیتاڵ

لە ئەنجامی شەڕێکدا لەسەر زەویوزار لە سنووری شارۆچکەی ئاکچاکالێی سەر بە پارێزگای رووهای باکووری کوردستان، 10 کەس بریندار بوون.
 
رووداوەکە نیوەڕۆی رۆژی سێشەممە 17-2-2026 لە گوندی دۆرمالیی سەر بە ئاکچاکالێ روویدا.
 
شەڕەکە لەنێوان دوو بنەماڵە بوو کە خزم و دانیشتووی هەمان گوندن و کێشەی زەوی لەنێوانیاندا هەیە.
 
لە شەڕەکەدا بەرد، دار و چەک بەکارهێندرا و لە ئەنجامدا 10 کەس بریندار بوون کە دوو لە بریندارەکان ژنن.
 
دوای ئاگادارکردنەوەیان، تیمەکانی جەندرمە و تەندرووستی رەوانەی ناوچەکە کران. بریندارەکان بۆ نەخۆشخانە گوێزرانەوە و شەڕەکەش بە زەحمەت لەلایەن هێزەکانی ئاسایش و جەندرمەوە کۆنترۆڵ کرا.