زانکۆی سەلاحەدین ئامادەیە بەشە ناوخۆییەکانی بۆ تووشبوانی کۆرنا بکاتە نەخۆشخانە
رووداو - هەولێر
سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین ئامادەیی نیشان دا کە بەشە ناوخۆییەکانی زانکۆکە بۆ تووشبوانی ڤایرۆسی کۆرۆنا وەکو نەخۆشخانە بەکار بهێنرێن.
د. جەوهەر فەتاح، سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پەیوەندیمان بە د. فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێرەوە کرد کە لەکاتی بوونی پێویستیدا ئامادەین سەرجەم بەشە ناوخۆییەکانی زانکۆکەمان بۆ تووشبوانی کۆرۆنا تەرخان بکەین. بۆ ئەوەی وەکو نەخۆشخانە سوودیان لێوەربگیردرێت. پارێزگاری هەولێریش پێشوازیی لەو هەنگاوەمان کرد".
د. جەوهەر فەتاح باسی لەوە کرد، شوێنی خەوتنی زیاتر لە چوار هەزار کەسیان لە بەشە ناوخۆییەکانی زانکۆی سەلاحەدیندا هەیە کە لەنێویاندا دوو بەشە ناوخۆیی گەورە هەن، ئەوانیش بەشە ناخۆیی 18ی شوبات و شەهید شەوکەت شێخ یەزدینن.
لە 1ی ئادارەوە تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کورستان 37 هاونیشتمانی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون کە لەنێویاندا هەشتیان لە هەولێر و 28 لە سلێمانی و یەکێکیش لە هەڵەبجەیە. هەروەها نۆ تووشبوو چاک بوونەتەوە و کەسێکیش گیانی لەدەستداوە.