پارێزگاری سلێمانی: ئاگری نەورۆز بەبێ ئاهەنگگێڕان و قەرەباڵخی دەکرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی باڵای ئۆپەراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا 13 بڕیاری نوێی تایبەت بە رێکارە پێویستەکان بۆ پێشوازیکردن لە جەژنی نەورۆز بڵاوکردەوە و دەڵێت، ئاگری نەورۆز بەپێی رێنوێنییە تەندروستییەکان دەکرێتەوە و ئاهەنگگێڕانی تێدا نابێت.
بەپێی راگەیێندراوێکی لیژنەی باڵای ئۆپەراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا کە واژۆی هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لەسەرە و ئەمڕۆ چوارشەممە 17-03-2021 بڵاوکراوەتەوە، جەخت لە جێبەجێکردنی راگەیێندراوی ژمارە 10ی ساڵی 2021 ی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و لیژنەی باڵای کۆرۆنا کراوەتەوە.
لە خاڵێکی راگەیێندراوەکەدا سەبارەت ئاگری نەورۆز هاتووە، "ئاگری نەورۆز لەو شوێنانەی قایمقامییەتی سلێمانی و یەکە کارگێڕییەکان دیارییان کردوون، بەبێ ئاهەنگ و کۆبوونەوەی و قەرەباڵخی و بەریەککەوتن و بەپێی رێکارە خۆپارێزییەکان دەکرێتەوە."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، لە رۆژی 19 تاوەکو 21 مانگ لە شەقامی سالم و لە بەردەم یانەی ئەندازیارانەوە تاوەکو تونێلی سلێمانی پاڵاس هاتووچۆی ئۆتۆمبێل قەدەخە دەکرێت.
بڕیارەکانی لیژنەی باڵای ئۆپەراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ جەژنی نەورۆز:
1- جەختکردنەوە لەسەر جێبەجێکردنی بەیانی ژمارە 10ی ساڵی 2021ی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان.
2- پێویستە هاووڵاتیان پابەندی تەواوی رێکار و رێنماییە خۆپارێزی و تەندوستییەکان بن و ماسک لە هەموو شوێنە داخراو و کراوە و تایبەت و گشتییەکان بەکاربێنن.
3- پێویستە رێکار و رێنوێنییە تەندروستی و خۆپارێزییەکان لە هەموو دامەزراوە گشتی و تایبەت و شوێنە گشتییەکاندا پەیڕەو بکرێت.
4- بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی پشکنین و کێوماڵی بەردەوام بۆ هاووڵاتیان و گەشتیاران دەکات.
5- هەر چالاکییەک سەرپێچی بەیانی ژمارە 10 بکات قەدەخەیە و لایەنە پەیوەندیدارەکان رێکاری یاسایی دەگرنەبەر.
6- لە شاری سلێمانی و شەقامی سالم لە بەردەم یانەی ئەندازیارانەوە هەتا ئۆتێلی سلێمانی پاڵاس لە رۆژی 19 تاوەکو 21ی 3 هاتووچۆی ئۆتۆمبێلی تێدا قەدەخە دەکرێت.
7- ئاگری نەورۆز لەو شوێنانەی قایمقامیەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی و یەکە کارگێڕییەکان دیاریان کردووە، بەبێ ئاهەنگ و کۆبوونەوە و قەرەباڵخی و بەریەککەوتن دەکرێنەوە.
8- لە جەژنی نەورۆزدا لیژنە هاوبەشەکانی پاراستنی ئارامی و لە هەموو یەکە کارگێڕییەکان چاودێریی رەوشی ئارامی و ئاسایش و پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتیان و سەقامگیری دەکەن. تیمەکانی پۆلیسی هاتووچۆ و پۆلیسی بەرگریی شارستانی و فریاکەوتنی خێرا و تیمە فڕۆکەوانییەکان، ئەرکە ئارامی و تەندروستی و خزمەتگوزارییەکان لە شوێنە جیا جیاکان پێشکەش دەکەن.
9- داوا لە زانا و مامۆستایانی ئایینی بەڕێز و هەموو دامەزراوە ئایینییەکان دەکەین لە گوتارەکانیاندا جەخت لەسەر بایەخی خۆپارێزی و پابەندبوون بە رێکارە تەندروستییەکان بکەنەوە.
10- داوا لە کەناڵەکانی راگەیاندن دەکەین هاوئاهەنگمان بن بۆ بڵاوکردنەوەی بەها و بایەخی خۆپارێزی و پابەندبوون بە رێکارە تەندروستییەکان.
11- داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەکان و رێکخراوە مەدەنییەکان دەکەین پشتیوانمان بن بۆ پابەندبوون و جێبەجێکردنی رێکارە خۆپارێزی و تەندروستییەکان.
12- سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکان بەپێی تایبەتمەندیی ناوچەکانیان، دەسەڵاتی تەواویان هەیە بۆ گرتنەبەری هەر رێکارێک.
13 - لیژنەی تایبەت بۆ رێکخستنەوەی بازاڕ و شوێنە گشتییەکان پێکدەهێندرێت بە مەبەستی دیاریکردنی میکانیزمی تەکنیکی شیاو بۆ بازاڕ و شوێنە گشتییەکان.
دەقی بڕیارەکانی لیژنەی باڵای ئۆپەراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی