پارێزگای دهۆک: خەڵک ئازادە لە رۆژانی نەورۆز گەشت و سەیران بکات

 
رووداو دیجیتاڵ 

پارێزگای دهۆک رێگە بە خەڵکی پارێزگاکە دەدات لە رۆژانی نەورۆز گەشت و سەیرانی خۆیان بکەن و جێگری پارێزگاریش دەڵێت "ئەگەر ئاگریش بکرێتەوە دەبێت پاکوخاوێنیی ژینگە و رێنمایی تەندروستی لەبەرچاو بگیرێت، هەروەها تەقەکردنیش قەدەخەیە".
 
ناسر عەلی، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە دهۆک رایگەیاند، نزیکەی دوو ساڵە خەڵک چاوەڕێی نەورۆز دەکات، چونکە نەورۆزی رابردوو بەهۆی رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا و قەدەخەی هاتووچۆ خەڵک لە ماڵەوە نەچوونە دەرەوە، نەورۆزیان نەکرد و هیچ رێوڕەسمێکیش لەو رۆژەدا ساز نەکرا.
 
ئەمساڵیش بەهۆی بەردەامبوونی کۆرۆنا و بڵاوبوونەوەی زیاتری ئەو ڤایرۆسە لە چەند رۆژی رابردوودا، حکومەتە خۆجێییەکان بڕیاری ئەوەیان داوە کە ئاهەنگی جەماوەری ساز ناکرێت، بەڵام رێگە لە سەیران و گەشتی هاونیشتمانیانیش لە رۆژانی پشووی ئەو جەژنە و کردنەوەی ئاگر بەو بۆنەیەوە نەگیراوە. لە قەزای ئاکرێش هاوشێوەی ساڵانی رابردوو ژمارەیەک لە گەنجانی خۆبەخشی شارۆچکەکە ئاگری نەورۆز دەکەنەوە.
 
لەبارەی بڕیارەکانی پارێزگای دهۆک بۆ ئەو بۆنەیە، ماجد سەید ساڵح، جێگری پارێزگاری دهۆک بە رووداوی راگەیاند "بەراورد بە ساڵی رابردوو ئەمساڵ قەدەخەی هاتووچۆ رانەگەیێندراوە، هیچ ئاهەنگێک ساز ناکرێت، ئەمساڵ سەرەڕای گرتنەبەری رێکارەکان و پابەندبوون بە رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی، کردنەوەی ئاگری نەورۆز رێگەپێدراوە، بەڵام نابێت قەرەباڵخی دروستبکرێت و ئاهەنگ سازبکرێت، ئەگەر ئاگریش بکرێتەوە دەبێت پاکوخاوێنیی ژینگە و رێنمایی تەندروستی لەبەرچاو بگیرێت، هەروەها تەقەکردنیش قەدەخەیە".
 
لەبارەی چوونە دەرەوەی خەڵکیش بۆ سەیرانگە و ناوچە گەشتیارییەکان، ماجد سەید ساڵح ئاماژەی بەوە کرد "خەڵک لە چوونە دەرەوە ئازادن، بەڵام جەخت لەوە دەکەینەوە کە قەرەباڵخی و گردبوونەوە دروست نەبێت و خێزانەکان بچنە نێو سرووشت پابەندی رێنماییەکان ببن، هەروەها ژینگەش پیس نەکەن".