مەسرور بارزانی: ئامادەین نەوت هەناردە بکەین و بۆ سیستمی ئاسیکۆداش داوای کاتمان کردووە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەولێر رێگر نییە لە هەناردەکردنەوەی نەوت و ئامادەی هاوکارییە لەگەڵ بەغدا. سەبارەت بە سیستمی ئاسیکۆداش جەخت دەکاتەوە کە رەتیان نەکردووەتەوە، بەڵکو تەنیا داوای کاتیان کردووە بۆ جێبەجێکردنی.
پاشنیوەڕۆی سێشەممە (17-3-2026)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە باڵەخانەی پارێزگای هەولێر لەگەڵ ژووری ئۆپەراسیۆن بۆ بەڕێوەبردنی قەیران و کارەسات کۆبووەوە.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر کورتەیەکی لەبارەی کار و چالاکی و ئامادەکارییەکانی ژوورەکە خستەڕوو کە لە فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و لایەنە ئەمنییەکان پێکهاتووە.
مەسرور بارزانی دڵنیایی بە خەڵکی کوردستان دا "هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ پاراستنی خەڵک و هەرێمی کوردستان لەم شەڕ و ئاڵۆزییانەی ناوچەکە." هەروەها دووپاتی کردەوە، سەرەڕای هێرشی هێزە لە یاسا دەرچووەکان بۆ سەر کێڵگەکانی نەوت و گاز، "حکومەت هەموو هەوڵێکی داوە کێشەی کارەبا چارەسەر بکات."
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا دوای کۆبوونەوەکە، سەرۆکی حکومەت وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی دایەوە و سەبارەت بە پرسی نەوت گوتی: "هەرێمی کوردستان لە هەموو کەسێک زیاتر پەرۆشی ئابووری، مووچە و بژێویی خەڵکە. دووپاتی دەکەینەوە ئێمە لەگەڵ هەناردەکردنەوەی نەوتین و رێگر نین، تەنیا داوای گەرەنتیمان کردووە بۆ ئەوەی لە کێڵگەکانی خۆشمانەوە نەوت هەناردە بکەین."
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بیریهێنایەوە کە بەغدا خۆی چەند ساڵێک لەمەوبەر لەڕێگەی دادگەوە نەوتی هەرێمی کوردستانی راگرت، "بۆیە گوناهی هەرێم نییە کە هەناردەی نەوت وەستاوە."
مەسرور بارزانی راشیگەیاند: "هەرچەندە ئەو بڕە نەوتەی لەڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە هەناردە دەکرێت سنووردارە و قەرەبووی هەموو نەوتی عێراق ناکاتەوە، بەڵام ئێمە ئامادەین بۆ هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت."
لەبارەی جێبەجێکردنی سیستمی ئەلیکترۆنیی گومرگی (ئاسیکۆدا)، سەرۆکی حکومەت روونیکردەوە: "هەرێمی کوردستان نەیگوتووە ئاسیکۆدا جێبەجێ ناکەین، بەڵکو تەنیا داوای کاتمان کردووە بۆ ئەوەی ئامادەکاریی بۆ بکرێت، بەتایبەتی کە ئێستا لە دۆخێکی ئابووری و بازرگانیی زۆر خراپداین و چالاکیی بازرگانی زۆر کەم بووەتەوە."