بافڵ تاڵەبانی دەڵێت ئامادەن بۆ گفتوگۆ بەڵام کەس داوای لێ نەکردوون


رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایدەگەیێنێت، ئەوان ئامادەن بۆ دانیشتن و گفتوگۆ، بەڵام کەس داوای لێ نەکردوون. دەشڵێت: بڕیاری کۆبوونەوەی گشتیی لایەنەکان نەدراوە، ئەگەر بڕیار بدرێت ئەوان ئامادەن. 
 
لە دیداری سلێمانی لە زانکۆی ئەمریکی بافڵ تاڵەبانی قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد، باسی هەڵبژاردن، پێکەوەکارکردنی لایەنەکان و دۆخی هەرێمی کوردستانی کرد.
 
پێشەوا بەختیار، پەیامنێری رووداو لە سەرۆکی یەکێتی پرسی، هەموو لایەنە سیاسییەکان کۆبوونەوە دەکەن و پێکەوە دابنیشن؟ ئەو لە وەڵامدا گوتی، "بڕیار نەدراوە، بەڵام ئێمە بۆ هەموو جۆرە دانیشتنێک ئامادەین."
 
بەیانیی ئەمڕۆ لە گوتاری سەرەکیی کردنەوەی هەشتەمین دیداری سلێمانی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "چارەسەر ئەوەیە کای کۆن بەبا نەکەین" و "لە کۆتاییدا بۆ چارەسەری، هەموومان پێکەوە لەسەر یەک مێز داده‌نیشین." بافڵ تاڵەبانی گوتی، ئەوە "قسەیەکی زۆر جوانە" و "ئێمە ئامادەین بۆ هەموو جۆرە دانیشتنێک، کەس داوای نەکردووە دابنیشین."
 
لەبارەی هەڵبژاردنیش سەرۆکی یەکێتی گوتی، ئەوان ئامادەن بۆ هەڵبژاردن و ئەوەی پەیوەندی بە دواخستنی هەڵبژاردن و بەشدارینەکردنی پارتییەوە هەیە، پێویستە پارتی قسەی لەسەر بکات. 
 
لە مانگی نیسانی ساڵی رابردووەوە تورکیا گەشتەکانی بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی راگرتووە، بافڵ تاڵەبانی لەبارەی ئاساییبوونەوەی گەشتەکان گوتی، "هیچ شتێکی تازەم نییە لەسەری."

22ـی ئەم مانگە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەردانی بەغدا دەکات، بافڵ تاڵەبانی گوتی، نایێت بۆ لای ئێمە. لەکاتێکدا ئەمڕۆ ئەردۆغان بە رۆژنامەڤانانی گوت، لەوانەیە دوای بەغدا سەردانی هەولێر بکات. 

سەرۆکی یەکێتی دەشڵێت: ئەگەر هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی جێبەجێ بکات، ئەوا بەغدا بەردەوام دەبێت لە ناردنی مووچە. داوایشی ئەوەبوو لایەنەکان بەشداری لە هەڵبژاردندا بکەن تاوەکو پەرلەمان و حکومەتێکی کارامان هەبێت بۆ ئەوەی لەگەڵ بەغدا گفتوگۆی جدی بکەن و مافەکانی خەڵکی کوردستان دابین بکەن.